شەڕی نێوان پاکستان و هندستان دەستیپێکرد

لە هەرێمی کشمیری جێناکۆک پێكدادان لەنێوان هەردو سوپاى پاکستان و هندستان رویدا و بەهۆیەوە هەشت کەس کوژران هندستانیش کوژرانی چەند سەربازێکیان ڕەتدەکاتەوە

سوپاى پاکستان رایگەیاند، لە ئاكامی پێكدادان لەنێوان سوپای وڵاتەكە و سوپای هیندستان، سێ چەکدارى خۆیان و پێنج چەکدارى هیندستان لە روبەرو بونەوەیەکدا لە سەر سنورى کشمیر کوژراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەسیف غەفور، وتەبێژى هێزەکانى سوپاى پاکستان لە تویتێكیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی رایگەیاند، "ئەمڕۆ هێزەکانى هندستان لە سنورى نێوانیان نزیک بونەتەوە کە ناسراوە بە هێڵى کۆنترۆڵ و تەقەیان لێکردون سوپای پاكستانیش وەڵامى تەقەکردنەکانى هندستانیان داوەتەوە".

وتەبێژەکەى سوپاى پاکستان لە توێتەر نوسیویشیەتى "پچر پچر تەقەکردن لە یەکترى بەردەوامە"، ئاماژەی بەوەشكردوە "لە ئەنجامی ئەو پێكدادانە دو هاوڵاتی سیڤیل-یش كوژراون.

لە بەرامبەردا، سەرچاوە سەربازیەكانی هیندستان وتەكانی وتەبێژی هێزەكانی سوپای پاكستانیان رەتكردەوە سەبارەت بە كوژرانی پێنج سەربازی هیندی لە پێكدادانەكەدا، بەڵام سەبارەت بە راستی پێكدادانەكە زانیاریان نەخستەڕو.

ئەو پێکدادانە دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خان لەمیانەی وتارێکیدا لە بۆنەی ئاهەنگی ڕۆژی سەربەخۆیدا هیندستانی تۆمەتبار کرد بە پلانگێڕان بۆ کردەوەی سەربازیی لە هەرێمی کشمیری جێناکۆکی لەسەر کە هەمیشە خاڵی ناکۆکی نێوان هیندستان و پاکستان بووە.

لە لێدوانێکیدا لەبەردەم پەرلەمانی هەرێمەکەدا، سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خان وتی هیندستان پلان دادەنێت بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر لەوەی کە لە مانگی دوودا ئەنجامیدا و فڕۆکە جەنگییەکانی شوێنەکانی پاکستانیان بۆردومان کرد، پلانێکی خراپتریان داناوە تاوەکو سەرنجی جیهان ڕابکێشن بۆ جووڵەکانیان لە کشمیر، بەڵام  سوپای پاکستان بەتەواوەتی هۆشیارە و دەزانێت ئەوان پلانی شتێکیان بەدەستەوەیە".

پێشتر هیندستان بڕیاریدا مافی دانانی یاسای تایبەت بۆ هەرێمەکە هەڵبوەشێنێتەوە کە خەڵکی دەرەوە هەمیشە توانیویانە موڵک لەوێ بکڕن. لە پێنجی مانگی هەشتەوە کە ئەو بڕیارە دراوە بەرپرسانی هیندستان پەیوەندییە تەلەفونییەکان و ئینتەرنێت و پەخشی تەلەفیزیۆنیان لە ناوچەکەدا بڕیوە، هەروەها کۆتوبەندیان خستۆتە سەر گواستنەوە و گردبوونەوەش.

لە وەڵامدا پاکستان بازرگانی و هەموو هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی نێوان دوو وڵاتەکەی ڕاگرت و باڵیۆزی نیودەلهیشی لە ئیسلام ئاباد دەرکرد.



PM:06:04:15/08/2019