مامۆستا میقداد محمد هونەرمەند و مامۆستای مەقامات و کەسایەتی دیاری شاری کەرکوک کۆچی دوای کرد.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ئابی ٢٠١٩ میقداد محمد هونەرمەند و مەقامبێژبەهۆی جەڵتەوە لە گەڕەکی ئیسکانی شاری کەرکوک لەتەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوای کرد و ئەمڕۆش پرسەکەی لە تەکییەی تاڵەبانی شاری کەرکوک دەبێت.
نورەدین جاف بەڕێوەبەری ناوەندی عەلی مەردان لە کەرکوک ڕایگەیاند: مامۆستا میقداد محمد بەهۆی شارەزای لەبواری مەقاماتدا خەڵکێکی زۆری فێری مەقامات کردووە، هەرچەندە کاری بۆ زۆر هونەرمەند کردووە بەڵام خۆی کەمترین گۆرانی هەیە و زیاتر وەک مامۆستا لە بواری هونەریدا کاریی کردووە.
میقداد محمد عومەر لە ساڵی ١٩٤١ لە شاری کەرکوک لە دایک بووە و ئامادەی پیشەسازی تەواو کردووە و خێزاندار بووە، دامەزرێنەری ناوەندی عەلی مەردان بووە بۆ مەقامات.
هونەرمەندی دیاری کورد یەکێک بوو لە دۆستە نزیکەکانی مامۆستا عەلی مەردان و حسێن عەلی، تاکو ئەم تەمەنەی ئێستای بەردەوام لە تەکێی تاڵەبانی وانەی مەقاماتی بە خوێندکارەکانی وتۆتەوە.