ئاشتی هەورامی و حکومەتی هەرێم دەدرێنە دادگا

لە دادگای شاهانەی بەریتانیا هەریەکە لە ئاشتی هەورامی و حکومەتی هەرێم داوای یاساییان لەسەر تۆمار کرا و داواکەش تایبەتە بە جێبەجێنەکردنی (رێککەوتننامەی کڕین و فرۆشتن) کە پەیوەندی بە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی نەوتەوە هەیە.

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە کە رۆژی 14ی ئابی ئەمساڵ داوایەکی یاسایی لە دادگای باڵای لەندەن تۆمار کراوە لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەبدوڵا عەبدولرەحمان عەبدوڵا ناسراو بە "ئاشتی هەورامی" کە وەزیری سامانە سروشتییەکانی کابینەی پێشوو و راوێژکاری حکومەتی ئێستای هەرێمە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە داواکە تایبەتە بە جێبەجێنەکردنی (رێککەوتننامەی کڕین و فرۆشتن) کە پەیوەندی بە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی نەوتەوە هەیە لە کێڵگەکانی (کەی 39 تۆپخانە و کەی 44 کوردەمیر) لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای سکاڵاکار داوای قەرەبووی 1.5 ملیار دۆلار دەکات، دادگاش 21 رۆژ وادەی داوە بە حکومەتی هەرێم و ئاشتی هەورامی تا هەڵوێستی خۆیان بۆ دادگاکە ئاشکرا بکەن.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە دوو ساڵ لەمەوپێشیش حکومەتی هەرێم داوای یاسایی لەبەرامبەر هەردوو کۆمپانیای هیلال و دانەغاز دۆڕاندووە و بەبڕی 2.2 ملیار دۆلار غەرامە کراوە.


PM:05:29:21/08/2019