پشکی کورد لە پرۆژە یاسای ساڵی 2020 مەترسی لەسەرە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیاروایە هەفتەی داهاتو وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکات بە مەبەستی گفتوگۆکردنە لەسەر پرسە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.

د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" ئەم سەردانە گرنگە چونکە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکردنی پرۆژەیاسای 2020ی عێراق، هەروەها مەبەستی لە چوونی شاندەکە پرسەکانی بودجەو نەوت و پێشمەرگەو ناوچە دابڕێنراوەکان کە سێ لیژنەی یایبەت و پسپۆڕو هونەری دروستدەکرێ بۆ بەدواداچون و پێدانی پێشنیار بە شاندی بالای هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران ئاشکرای کرد" بە بڕوای من پێموانیە نەناردنی موچەو دواکەوتنی پەیوەندی هەبێت بە فشارەکانی سەر عادل عەبدولمەهدی، یاخود دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، رەنگە هۆکاری دواکەوتنەکە پەیوەندی هەبێت بە نەبونی پارەی نەختینە لای وەزارەتی دارایی عێراق، چونکە دەبێت وەزارەتی دارایی مولزەم بێت  بە یاسای بودجەی 2019ەوە ناتوانێت پێشێلی یاساکە بکات".

بەشیر حەداد بە خەندانی وت" کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم گەشتۆتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە ئەم دانوستانانە دانوستانی جدی بن و مەبەست لێی گەشتن بە ئەنجام و رێککەوتن بێت و شاندەکانیش شاندی بەهێز بن کە بتوانن بڕیار بدەن، هاوکات بەپێی یاسای 2019 موچەی ئەو چوارمانگەش دێت و مەترسی لەسەر نییە، بەڵکو ئەوەی مەترسی لەسەرە پشکی کوردە لە پرۆژە یاسای ساڵی 2020ی عێراق".



PM:09:24:21/08/2019