سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی لە راگەیاندراوێكدا هەڕەشەی توند لە ئەمریكا دەکات و دەڵێت "ئەمجارە حەشدی شەعبی بە چەکی پێشکەوتوو وەڵام دەداتەوە

ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس لە راگەیاندراوێكدا، بۆردوومانەكانی  ڕۆژانی رابردوو بۆ سەر سەربازگە و عەمبارەكانی چەك و تەقەمەنی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق دەخاتە ئەستۆی سوپای ئەمریكا و دووپاتی دەكاتەوە كە ئەم جارە حەشدی شەعبی بە چه‌كی پێشكه‌وتوو وه‌ڵامی ئەمریكا دەداتەوە.

ئەو سەركردەكەیەی حەشدی شەعبی دەڵێت دوژمنانی عێراق دووبارە و بە ڕێگەی جیاواز پلان دادەڕێژن لە دژی هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئەمریكا كە بە دان پێدانانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكیان، دەستی هەبووە لە هێنانی ڕێكخراوی تیرۆریستی بۆ سەر عێراق، بەردەوامە لە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و كردنە ئامانجی حەشدی شەعبی.

دەشڵێت كە ئه‌مه‌ریكا چوار فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئیسرائیلی له‌ ئازه‌ربایجانه‌وه‌ هێناوه‌ته‌ سەر عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی كه‌شتیگه‌له‌كه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن و ئاسمانی عێراق كۆنتڕۆڵ بكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوهش کزدووە كە ئەمریكا بە نیازە سەركردەكانی حەشدی شەعبی تیرۆر بكات، بۆیە ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەكەن و ڕێگەی تریان لە پێش نیە و دەڵێت "لەمەودوا هەر فڕۆكەیەك به‌ بێ مۆڵه‌تی حكوومەتی عێراقی، بێته‌ سه‌ر ئاسمانی وڵاتەكە، به‌ فڕۆكه‌ی دوژمن له‌ قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن و دەیكەنە ئامانج".

 ڕۆژی سێشه‌ممه‌ بۆ جاری سێیەم بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی حەشدی شەعبی لە ناوچەی به‌له‌د سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە كرایە ئامانج و عەمبارێكی گەورەی چەك و تەقەمەنی سووتا. 

بەر لە چەند رۆژێكیش بنیامین نه‌ته‌نیاهو سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بە ناڕاستەوخۆ رایگەیاندبوو كە حەشدی شەعبی لە عێراق دەكەنە ئامانج، جگە لەوەی زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە هێرشەكانی سەر بارەگا و عەمبارەكانی حەشد، لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئیسرائیلیەوە ئەنجام دراون.

ئه‌م بابه‌ته ‌384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:08:40:22/08/2019