سبەی تۆمەتبارانی دۆسیەی كوشتنی تاريقی بەقاڵ دادگای دەکرێن

خوشکی  تاريقی بەقاڵ ڕایگەیاند سبەی تۆمەتبارانی تاريقی بەقاڵ لە دادگای سلێمانی دادگای دەکرێن و دەڵێت چاوەڕێی ئەوە لەدادگا دەکەن لە ئاستی ئەو تاوانە گەورەیەدا بڕیارێک بدات. 

نیاز ڕۆستەم، خوشکی تاريقی بەقاڵ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە سبەی سێشەممە ٢٧ ی ئابی ٢٠١٩ کاتژمێر نۆی بەیانی لە دادگای سلێمانی دادگاییەکە بەڕێوە بچێت.

وتیشی" وەک بنەماڵەی تاريقی پارێزەریان نەگرتووە، چونکە هەموو بەڵگەکان دیارن، کە ئەو کەسانە چی تاوانێکیان ئەنجامداوە، بۆیە چاوەڕێ لەدادگا دەکەن لە ئاستی ئەو تاوانە گەورەیەدا بڕیارێک بدات".

تارق ڕۆستەم تەمەنی ٣٩ ساڵ و خێزاندار بوو و خاوەنی چوار منداڵ و دە خوشک بوو، ماڵەکەی لە شەکرەکەی شاری سلێمانییە، لەناو بازاڕی شاری سلێمانی کاری میوە و سەوزە فرۆشی کردووە.

تاريقی بەقاڵ ١٨/١٢/٢٠١٨ لەلایەن چەند کەسێکەوە بەئۆتۆمبێلەکەی دەڕفێنرێت و دەکوژرێت. 



PM:02:02:26/08/2019