پۆلیسی سلێمانی: باندێكی مەترسیدار دەستگیركران

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی باندێكی مەترسیدار رادەگەیەنێت، كە مامەڵەیان بە جەستەی مرۆڤەوە كردووە، چەندین ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتاش دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەكرەم قادر بەڕێوەبەری نەھێشتنی تاوان لە سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری كارو چالاكییەكانی سەرجەم بنكەكانی پۆلیسی سلێمانی لە ١٨ تاوەكو ٢٦ی ئەم مانگە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە "تۆمەتبارێك لەلایەن بنكەی پۆلیسی كوردسات-ەوە دەستگیركراوە كە بەبڕی ٣٩٠ ھەزار دۆلار ئامێری پەیوەندی (مۆبایل)ی دزیبوو".

بەڕێوەبەری نەھێشتنی تاوان لە سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە "٢٨ تۆمەتباری بە تۆمەتی دزیكردن لە ماڵ و دوكان و سوپەرماكێتەكان دەستگیركردووە، جگە لە دزینی ٣ ئۆتۆمبیل، كە دوای تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن ھاوڵاتیانەوە، ئۆتۆمبیلەكان دەستیان بەسەردا گیراوە".
هەروەها باندێك كە لەسێ كەس پێكھاتوون و دوانیان عەرەبن، لەلایەن بەشی نەھێشتنی تاوانەوە دەستگیركران، بەتۆمەتی مامەڵەكردن بە لاشەی مرۆڤ و كڕین و فرۆشتنی گورچیلەی مرۆڤ.

ھەر لەو ماوەیەدا ٦٠ تۆمەتبار دەستگیركراون و سێ یانەی شەوانەش بەھۆی شەڕو ئاژاوەوە، بۆماوەیەك داخراون و چەندین ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر چەكی بێ مۆڵەت لەلایەن ھێزەكانی پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.



PM:12:10:28/08/2019