پێدەچێت بەریتانیا فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بنێرێتە كەنداو

كەناڵی سكای نیوز بڵاویكردەوە حكومەتی بەڕیتانیا بیر لە ناردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دەكاتەوە بۆ كەنداو، بە ئامانجی "پارێزگاریكردن لە ئاسایشی كەشتیە بازرگانیەكان".

هێزی ئاسمانی شاهانەی بەڕیتانیا ژمارەیەك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی لە كوەیت هەیە بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەرك لە ئاسمانی عێراق و سوریادا و  پێدەچێت ئەم فڕۆكانە ئەركی دیكەیان پێبدرێت ئەگەر بڕیار بدرێت فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لە كەنداو بڵاوبكرێتەوە.

كەناڵی سكای نیوز لە هەواڵەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان یارمەتیدەر دەبن لە ئەركەكانی دیدەوانیدا لەگەڵ بەردەوامبوونی كەشتیە جەنگییەكانی بەڕیتانیا لە هاوەڵیكردنی ئەو كەشتیە بارهەڵگرانەی كە ئاڵای بەڕیتانیایان هەڵكردووە لە تەنگەی هورموز.

ڕۆژی هەینی بەڕیتانیا داوای كرد بەرپەرچی ئەو هەڕەشانە بدرێتەوە كە ڕووبەڕووی كەشتیە بارهەڵگرەكانی كەنداو بوونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی حەوتدا ئێران دەستی گرت بەسەر كەشتیەكی بەڕیتانیدا.



PM:03:53:02/09/2019