سەردانی بەرهەم ساڵح‌و محەمەد حەلبوسی‌و فواد حسێن وەک ئیزارێک بووە بۆ سەرکردایەتی پارتی

کۆتایی هەفتەی رابردوو هەریەک لە د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و د. فواد حسێن وەزیری دارایی عێراق لە بەغداوە سەردانی هەولێریان کردو لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە جیا کۆبوونەوە، ئامانجی تێکڕای ئەو سەردانانە پرسی بودجەی هەرێم و رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بوو بە بەغدا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە سەردانەکەی سەرۆکی کۆماری عێراق و وەزیری دارایی کە رۆژی سێ شەممە بە جیا بۆ هەلێر ئەنجامیان داو، بۆ رۆژی دواتریش سەرۆکی پەرلەمانیش گەیشتە هەولێر، پەیامێکی سەرەکی هەبووە، ئەگەر هەرێم رۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا نەکات، ئەوا بڕی ئەو ٤٥٤ ملیار دینارەی مانگانە بەغدا دەینرێت بۆ تەواوکردنی مووچەی هەرێم، دەبڕدرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، لە کۆبوونەوەی ئەو سێ بەرپرسەی عێراق بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، زۆر بە ڕاشکاوانە ئەو سێ بەرپرسە عێراقییە بە بەرپرسانی هەرێم و سەرۆکی پارتیان راگەیاندووە کە پێویستە بۆ پرۆژە یاسای بودجە عێراق کە لە مانگی داهاتوودا دەچێتە پەرلەمان، پێویستە هەرێم رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات و ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیل رۆژانەیەی نەوت رادەست بەغدا بکات، گەر نا چیتر حکومەتی فیدراڵ پارە نانێرێت بۆ هەرێم.

سپی لە هەندێک سەرچاوەی تایبەتی خۆیەوە زانیوویەتی، بەم نزیکانە د. فواد حسێن کە لە پشکی پارتی وەزیری داراییە بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمان دەکرێت و، لەو دانیشتەدا بە مسۆگەری متمانەی لێدەسێنرێتەوە.

لەو کۆبوونەوەکانی بەرهەم ساڵح و محەمەد حەلبوسی و فواد حسێن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تا ئێستا نیەتێکی جدی پێشان نەدراوە کە هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بکات و، زیاتر هەرێم دەیەوێت کات بکوژێت، کە بەپێی زانیاریەکانی سپی ئەمە ئەنجامەکی بڕینی ئەو پارەیەی لێدەکەوێتەوە کەبەغدا مانگانە دەینێرێت بۆ هەرێم.

کۆتایی هەفتەی رابردوو بەرهەم ساڵح و محەمەد حەلبوسی و فواد حسین سەردانی هەرێمیان کردو، بەپێی زانیارییەکانی تا ئێستا لەو کۆبوونەوانەدا ئومێدێک نەبینراوە بۆ رزگاربوون لەو قەیران و مەترسیە گەورەیەی لەسەر پشکی بودجەی هەرێم هەیە.

 



PM:06:34:21/09/2019