سەرۆك كۆماری عێراق لەوتاری خۆیدا لەنەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند كە دۆخی ناوچەكە ترسناكە و دەبێت ڕووبەڕووی تیرۆر ببینەوە.
لەوتاری عێراقدا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند دەبێت لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا رێز لە سەروەریی خاكی وڵاتان و مافەكانی مرۆڤ بگیرێت، وتیشی، سەرەڕای ناكۆكییەكان لە ناوچەكەدا دەكرێت هەمووان رۆڵیان لە ناوچەكەدا هەبێت و دەبێت رۆڵی عێراق لە سەقامگیریی ناوچەكەدا لەبەرچاو بگیرێت و ئێمە ماوەیەكی زۆر گۆڕەپانی ململانێ بووین بۆ ئەمریكا و عێراق باجی زۆری دا، بۆیە لێرەوە داوا دەكەین سیستمێكی هاوبەش بێتە ئاراوە بۆ بنڕكردنی تیرۆر و ناسەقامگیری.
سەرۆك كۆماری عێراق راشیگەیاند كە بەغدا نایەوێت ببێتە گۆڕەپانێك بۆ ململانێی نێودەوڵەتی و باجی زۆری لەسەردا، چیتر عێراق جەنگی ناوێت و ناخوازێت هیچ لایەنێك بەدەست جەنگەوە بناڵێت و عێراق نایەوێت ببێتە شوێنی هێرشكردنەسەر هیچ وڵاتێكی تر.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ عێراقیش راگەیاند كە وڵات لەبەردەم گۆڕانكاریی گرنگ و ئیجابیدایە و پێشكەوتن لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە بەپێی دەستوور.
دەربارەی دیاردەی گەندەڵیش رایگەیاند: ئەو دیاردەیە سەرچاوەی تیرۆر و دەبێت وشك بكرێت، جیهانیش پێویستە بە دروستكردنی هاوپەیمانێتیەكی نێودەوڵەتیە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی تۆڕی گەندەڵی.
بەرھەم ساڵح وتی، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست ناكۆكی و جەنگە یەك لەدوای یەكەكان دەناڵێنی و پێویستە لەسەرمان بە جدی بەگژیا بچینەوەو لە قۆناغی قەیرانەكان دەربازبین و بەرەو قۆناغی هەستانەوە هەنگاوبنێین
جەختیشكردوەتەوە، لەم دیدارە جیهانیەدا من باسی ئومێد و خواستی گەلەكەم دەكەم لە تەرخانكردنی هەوڵەكان بەئاراستەی بەگژاچوونەوەی تیرۆرو سەركەوتن بەسەریدا ئەویش لەرێگەی دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازادو شكۆمەند بۆ هاوڵاتیان و دەستەبەركردنی ئاسایش و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و پەرەپێدانی ئابووری