عادل عەبدول مەهدی گۆڕانکاری لە کابینەکەیدا دەکات
مووچە بۆ کەم دەرامەتەکان دەبڕێتەوە


بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە عادل عەبدول مەهدی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند" لێپرسینەوە لەگەندەڵكاران دەكەین لە هەرشوێن و پلەو پۆستێك بن، پێویستە رێگەنەدرێت كەسانی گێرەشێوێن سوار شەپۆلی ناڕەزاییەكان بن". هەوەرها وتیشی " مووچە بۆ کەم دەرامەتەکان دەبڕینەوە".  

عادل عەبدول مەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا کە بەرەبەیانی ئەمشەو دوای چەند کاتژمێرێک لە ریکلامکردن خوێندیەوە، دەڵێت" قوربانی دەدەین بۆ ئەم گەلە و لەو ناخۆشیانە تێدەگەین كە چەندین دەیەیە بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە، كاتێك گەیشتینە ئەم بەرپرسیارێتییە و دەسەڵاتی جێبەجێكردنمان وەرگرت، بەخێرایی كەوتینە كاركردن و هەڵگرتنی ئەو دیوارەی لەنێوان ئێمە و ئێوە هەبوو".

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت: ئەو كەسانەی هەوڵی نا ئومێدی دەدەن، پێویستە رێگریان لێ بكەن و نائومێدیەكەیان نەگاتە ئێوە، گوێ لەو كەسانە مەگرن كە داوای بەسەربازیكردنی ئەم وڵاتە دەكەن، ئێمەش لەو روەوە قوربانیمان داوە بۆ ئەوەی ئەو رۆژە نەگەڕێتەوە. 

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا عادل عەبدول مەهدی ڕاشیدەگەیەنێت: لەئێستادا هیچ بەربەستێك لەنێوان ئێمە و گەل نییە، ئێمە دەستمان بە دەسەڵاتەوە نەگرتوە و لەبورجێكی بەرز دانەنیشتوین كە دەستتان پێمان نەگات، هەروەها لەرێگەی ئەو پرۆژانەی كە لەماوەیەكی كورتدا دەیدەینە ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی مووچە بدرێت بە هەموو ئەو كەسانەی كە داهاتی پێویستیان نییە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشیکردەوە: کە هەر لە سەرەتاوە بەڵێنی بێ بنەمامان پێنەداون، شتێكمان نەوتوە كە نەتوانین ئەنجامی بدەین، دڵنیاتان دەكەمەوە كە گوێمان لە دەنگتان گرتوە و كۆمەڵێك لە داواكارییەكانتان داواكاری شەرعین، بۆیە زۆر گرنگە یارمەتی حكومەت بدەن و پێكەوە دەست لەناودەست كاربكەین بۆ جێبەجێكردنی خواستەكانتان.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو بێكارییەی وڵاتی گرتوەتەوە پەیوەندی بە دەیان ساڵی رابردوەوە هەیە و هیچی لەسەر دەستی ئێمە روینەداوە، زۆر حكومەت كاریان كردوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام ململانێ سیاسی و تائیفی و شەڕی تیرۆر، كاریگەری زۆری لەسەر ئێمە جێهێشتوە، بوەتە هۆی لاوازكردنی ئەنجامدانی كارەكانمان. 

وتیشی" من بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە حەساسە دەگرمە ئەستۆ، من هەمو خاڵە لاوازو بێهێزەكان دەزانم و چارەسەریشیان دەكەین، بۆ یەكەمین جار بەرنامەیەكی حكومیمان پێشكەشكردوە كە بەژمارە دیارەو شتێك نەبوە كە داڕشتن بێت و خەڵك تێی نەگات، ئێمە هەمو كارەكانمان دەستپێكردوە و دەمانەوێت هاوكاری ئەو كەسانە بین كە دەیانەوێت چاكسازی ئەنجام بدەین، رێز لە دەستور دەگرین و هەمو بژاردەكانی بەردەستمان دەبینین، لە چوارچێوەی سیستمی سیاسی دەستوردا كاردەكەین بۆ جێبەجێكردنیان".

لەکۆتای پەیامەکەیدا عادل عەبدول مەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: عێراق لەمڕۆدا باشترین پەیوەندی دەرەوەی هەیە، شوێنی عێراق لە باشترین شوێنی خۆیدایە، لەمڕۆدا عێراق بوەتە شوێنی بەیەكگەیشتنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەیەكدا كە ئاڵۆزی زۆری تێدایە، من سوپاسی گەنجەكانمان و هێزە ئەمنیەكان دەكەم، هەروەها داوای چارەسەری خێرا دەكەم بۆ قوربانییەكان و هاوخەمی خۆم رادەگەیەنم بۆ ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە و داوا لە یەزدان دەكەم بۆ پاراستنی گەلەكەمان. 


AM:09:47:04/10/2019