"خۆپیشاندانەکانی عێراق کاریگەری لەسەر ناردنی مووچەی هاوڵاتیانی هەرێم نابێت"



ئەمڕۆ هەینی ٤/١٠/٢٠١٩ ئەندامەی لیژنەی کاروباری ئابوری و دارایی پەرلەمانی عیراق بە ماڵپەڕی "سپی" ڕاگەیاند" "من خۆم ڕووبەڕوو عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقم  بینیووە ئەوەی بە ئاشکرا وت کە بەهیچ جۆرێک دەست نابات بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا".

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید، ئەندامی لیژنەی کار و باری ئابووری و دارایی پەرلەمانی عێراق بە "سپی" ڕادەگەیەنێت: لەو بڕوایەدا نیم حکومەتی عیراقی بوودجە بۆ هەرێم نەنێرێت ، چونکە نایەوێت کێشەکە بکات بە دوو کێشە، هاوکات  عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێستا ئەوە بەدەستکەوتی خۆی دەزانێت کەتوانیوێتی کێشەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک چارەسەر بکات بۆیە نایەوێت لەناو پەرلەمان "٥٠ بۆ ٦٠" پەرلەمانتاری لێ ڕاست ببێتەوە و هەمیشە باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکەن، من خۆم عادل عەبدولمەهدیم ڕووبەڕوو بینیوە ئەوەی بە ئاشکرا وت کە بەهیچ جۆرێک دەست نابات بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا، بۆیە ئه‌وەی من دەیبینم بەهیچ جۆرێک ئەم خۆپیشاندانە کاریگەری لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمساڵدا نابێت، بەڵام بۆ ٢٠٢٠ بەدڵنیایی کاریگەری دەبێت. 

هەروەها ئەندامەکەی لیژنەی کاروباری ئابووری و دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: ڕەنگە کاریگەری هەبێت کەناردنی بەشە مووچە بۆ چەند ڕۆژێک دوابکەوێت، چونکە ئێستا کاتی ناردنیان گۆڕیووە بۆ ئەوەی نەبێتە "زەجە" لەسەرییان بۆیە کاتەکەیان گۆڕیوە، بەڵام لەنێوان وەزیری دارایی کە کوردە لەگەڵ سەرۆک وەزیران جۆرێک لە هەماهەنگی هەیە بۆ ناردنی ئەم موچەیە تاوەکو ٣١/١٢/٢٠١٩. 



AM:10:51:04/10/2019