حاكم شێخ لەتیف: سوریا بۆ سێ پارچە دابەشكرا

حاكم شێخ لەتیف، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "سوریا بۆ سێ پارچە دابەشكراوە و دابەشكردنەكەشی ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكاو توركیا و ڕوسیا بووە".

حاكم شێخ لەتیف لەپەڕەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: ئەو ھەواڵە پشت ڕاست بووەوە كە پێش ماوەیەك بڵاو بۆوە ناوەڕۆكەكەی ئەوە بوو ڕێككەوتنی نھێنی لە نێوان ترەمپ و پۆتین و ئەردۆگان كراوە كە باكوری سوریا دابەش بكەن بە سێ بەشەوە بەشێكی لە ژێر دەستی توركیادا بێت بەشێكی لەژێر دەستی ڕوسیاو سوریادا بێت بەشەكەی تریشی لەژێر دەستی كورددا بێت.

ئەوەشی خستەڕوو: سەرۆك كۆماری توركیا دەیەوێ دوای ئەوەی ١٢٠ كیلۆمەتری نێوان گرێسپی و سەری كانی بۆ چوە سەر پەل باوێ تا سنوری عێراق،ئەوەشیان نەشاردۆتەوە ،ئەردۆگان وتی وەك قۆناغی یەكەم دەچینە ئەو ناوچەیەی نێوان گرێسپی و سەریكانی .

ئاماژەی بەوەشكرد: زۆر گرنگە ئیدارەی خۆسەر ھەر لە ئێستاوە ڕێككەوتنێكی یەكجاری و باش لەسەر مافەكانی كوردو گەلانی باكورو خۆرھەڵاتی سوریا لەگەڵ ڕژێمی سوری بە زەمانەتی ڕوسیا ئیمزا بكات و ڕێگا لە چاچنۆكی و فراوانخوازی ئەردۆگان بگرێت.
 


PM:03:22:14/10/2019