کرمیلن: ئەمریکا ناپاکی لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان کرد



کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا "کرمیلن" رایگەیاند"  ئەمریكا نزیكترین هاوپەیمانی كوردەكان بوو لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەڵام ئەمریكا دەستبەرداری كوردەكان بوو كە لەراستیدا خیانەتی لێكردن".


ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دیمتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا "کرمیلن" لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایدەگەیەنێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتی کردە کوردانی رۆژئاوا ناپاکی بەرامبەرکردن، ئێستاش ئەمریكییەكان پێیان باشە كوردەكان سەر سنوور جێبهێڵن و ناچاریان بكەن شەڕی توركیا بكەن.


ڕۆژی ١٧ ئەم مانگە شاندی ئەمریکا و تورکیا دوای کۆبونەوەیەکی چوار کاتژمێری لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەبارەی ناوچەی ئارامەوە لە سوریا گەیشتنە رێککەوتن، لە بەرامبەردا تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رادەگرێت و هێزەکانی هەسەدەش لەو ناوچانە بە درێژایی ٣٢ کیلۆمەتر دەکشێنەوە.


هاوکات بەپێی رێككەوتنەكەی دوێنێی نێوان روسیاو توركیا، ئەو ناوچانەی لەمیانی ئۆپەراسیۆنەكەیدا توركیا چۆتە ناویان وەك خۆیان دەمێننەوە كە سەرێكانی و گرێسپی لەخۆدەگرێت. 


AM:11:42:23/10/2019