سەرۆک کۆماری عێراق پیرۆزبایی لە هەردوو شاری سنە و سلێمانی دەکات

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی هەڵبژاردنیان وه‌ك شاری داهێنانی ئەدەب و هونەر له‌ رێکخراوی یۆنسکۆدا پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاوڵاتیان و ئه‌ديبانی سلێمانی و هونەرمەندانی سنە دەکات.

دكتۆر بەرهەم ساڵح لەو بارەیەوە لە پەیامێکدا دەڵێت " پیرۆزە لە سلیمانی، ناوەندی نالی وسالم وگۆران وبێكەس، كە بە شاری داهێنانی ئەدەب لە لایەن (یۆنسكۆ)ەوە ناسێنرا".

هەروەها وتەكانی ئاراستەی شاری سنە كردوە و نوسویەتی"پیرۆزە لە سنە، مەلبەندی خالقی وكامكارەكان، كە بە شاری داهێنانی مۆسیقا دەستنیشان كرا".

سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، " پیرۆزە لە ئەدیب و هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی دوو شاری دەستە خوشكی نازداری سلیمانی و سنە".

ئەمڕۆش بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەکو شاری داهێنەری ئەدەبی لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە هەر یەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری رۆشنبیری هەرێم پیرۆزباییان ئاڕاستەی خەڵک و ئەدیبان و نوسەرانی سلێمانی و هونەرمەندانی سنە کردوە.

له‌لایه‌ن رێكخراوی یونیسكۆ، شاره‌كانی سلێمانی و سنه‌ له‌ ریزی 66 شاری داهێنه‌ر له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌ستنیشان كران.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی یونسكۆ، شاری سلێمانی بۆ داهێنان له‌ بواری ئه‌ده‌ب و شاری سنه‌ له‌ بواری میوزیك وه‌كو دوو شاری داهێنه‌ر ده‌ستنیشان كراون.


PM:03:35:01/11/2019