مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

کەمێک پێش ئێستا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی هەنوکەیی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت" نابێت گۆڕینی دەستوور بسەپێنرێت یان بەزۆر بێت".



لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا بارزانی دەشڵێت: دەبێت یاسایی هەڵبژاردن دەربڕی خواستی ڕاستەقینەو دادپەروەرانەی سەرجەم پێکهاتەکان بێت، هەروەها پێویستە گۆڕانکاری لە چوارچێوەی یاسا و میکانیزمە دەستورییەکاندا بێت.


هاوکات لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا مەسعود بارزانی وتیشی: نابێت گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەکشەی مافی گەلی کوردو پێکهاتەکانی دیکە.


سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیشیکردەوە: پێویستە گوێ لەداواکارییەکانی خەڵک بگیرێت و بەتوندوتیژی و خوێنڕشتن کێشەکان چارەسەر نابن، خەڵک ئێش و ئازاری زۆری بینیوە و هاوڵاتی مافی خۆیەتی داواکاریی هەبێت. 

 

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی هاووڵاتیان، ئێمە زۆر بە پەرۆشین بۆ ئەو دۆخەی كە هاتووەتە پێش و پێمان وایە كە ئەمەی ئێستا لە ئارادایە هی ئەمڕۆ نییە بەڵكو دەرئەنجام و كەڵەكەبووی فەشەلێكی پازدە ساڵەیە. خەڵك ئێش و ئازارێكی زۆری بینیوە و هاووڵاتی مافی خۆیەتی داواكاری هەبێت و ناڕازی بێت. بۆیە پێویستە گوێ لە داواكاریی خەڵك بگیرێت و بە توندوتیژی و خوێنڕشتن كێشەكان چارەسەر نابن.


لەگەڵ ئەوەیشدا یەكێك لە گرفتە گەورەكانی عێراق جێبەجێ نەكردنی دەستوورە. ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا، زۆر لەو كێشانە نەدەبوون كە پێشتر و ئێستایش هەن. لە لایەكی دیكەوە هۆكاری وردی دۆخی ئێستا یاسای هەڵبژاردنە، و، بۆ نەمانی هۆكاری گرفتەكان، دەبێ یاسای  هەڵبژاردن بە شێوەیەك بگۆڕدرێت كە ئەنجامەكان دەربڕی خواستی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی سەرجەم پێكهاتەكان بێت.


لەبارەی داواكارییەكان لەسەر گۆڕینی دەستوور، پێمانوایە نابێ گۆڕینی دەستوور بسەپێندرێت یان بە زۆر بێت و لە هەمان كاتیشدا نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و هەروەها پاشەكشەی مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی تر. بە دڵنیاییشەوە سیستەمی دیموكراسی زیاتر لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراقە نەك دیكتاتۆری و هەموو گۆڕانكارییەكیش پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و میكانیزمە دەستوورییەكاندا بێت.


مسعود بارزانی


2ـی 11ـی 2019

 


PM:02:48:02/11/2019