پێکدادانی توند لە کرماشان بەردەوامە
خۆپیشاندەران دوو بنکەی ئەمنییان کۆنترۆڵکردووە

شەڕ و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامەو، خۆپیشاندەران دوو بنکەی پۆلیس و بەسیجیان کۆنترۆڵکردووە.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە ( سپی ) راگەیاند" دوای ئەوەی سەر لە ئێوارەی شەوی رابردوو ١٨ ی تشرینی دووەم لەهەردوو گەڕەکی جافر ئاباد و دوڵەت ئابادی کرماشان خۆپیشاندەران توانیان دەست بگرن بەسەر هەر دوو بنکەی کڵانتەری و پولیس و بنکەی بەسیجی 57، هاوکات توانیشیان دەستبەسەر ئەو هەموو چەک وتەقەمەنیانەدا بگرن و  بنکەکانیشیان ئاگر تێ بەردا".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ( سپی ) کەوتووە، شەوی رابردوو، پێکدادانی قورس لە نێوان خۆپیشاندەران و  هێزی سوپا روویداوەو تا ئێستا بەردەوامە و نزیکەی ١٣ خۆپیشاندەر کوژراون و، ژمارەیەکی زۆریش بریندارن.

زۆربەی بریندارەکان بەهۆی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشخانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە ماڵان چارەسەر دەکرێن و، خەڵکەکە ناوێرن رەوانەی نەخۆشخانەیان بکەن، چونکە دەستگیر دەکرێن.

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ دوو شەممە لەو شارە لە پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ئەفسەرێکی پایە بەرز بە دەستی خۆپیشاندەران کوژرا.


AM:08:33:19/11/2019