سامر غەزبان: رێککەوتنی سەرەتایی لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند رێککەوتنی سەرەتایی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە کاوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە شاندی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی رێککەوتنی کۆتایی ئەنجامبدەن.

سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری دارایی. لەلایەنی حکومەتی فیدراڵی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دارایی کە هاوکات وەزیری داراییە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە کە هاوکات وەزیری نەوتە و بەڕێز پارێزگاری بانکی ناوەندی ئامادەی بوون. هەموو خاڵە سەرەکییەکان باسکران کە یاسای بودجەی فیدراڵی 2020 لەسەریان بونیاد دەنرێت، یەکێک لەخاڵە گرنگەکان رێكکەوتنی نەوتییە کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکان. ئێستا رێککەوتنی مەبدەئی کراوە و پێموایە پشتیوان بەخوا رێککەوتنی کۆتاییە، کە لە سەر ئەو بنچینەیە هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە 1/1/2020ەوە رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی -سۆمۆ دەکات بۆئەوەی لە بەندەری جەیهانەوە لە تورکیا لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست هەناردەی بکات".

غەزبان وتیشی "لە بەرامبەردا بودجە هەیە و ئامادەدەکرێت کە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوڕێکانیان لە حکومەتی فیدراڵی بەشداری دەکەن و هەفتەی داهاتوو لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کۆدەبنەوە، بەو هیوای پرۆژەیاسای بوجە تەواو بکەن تاوەکو  بە داڕشتنی نیمچە کۆتایی رادەستی سەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و پەسەند بکرێت و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت و بکرێتە یاسای بودجەی 2020".

هاوکات فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند"لەبارەی بابەتی نەوت وەکو مەبدەئـ هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن، ئەمە جارێ لە گفتوگۆدایە. بۆ رۆژی یەکشەممە و دووشەممە کۆمیتەیەک دروستبوو، ئەو کۆمیتەیە پرۆژەی بودجە دادەڕێژن، لەو کۆمیتەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبن، ئەوکاتە دەبێتە داڕشتنی کۆتایی لەلایەن حکومەتەوە، پاشان دەدرێتە سەرۆک وەزیران، سەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی رەوانەی پەرلەمانی دەکەن".

ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی تشرینی دووەم، شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لیژنەی ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە نووری دلێمی، وەزیر پلاندانانی عێراق رایگەیاند "رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوەو لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە رێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

PM:05:43:25/11/2019