دوو بەرپرسی کورد لەسەر گەندەڵی دەستگیردەکرێن

لەشاری خانەقین بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەکەو ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ جیگرەکەی کە برای خۆیەتی، بە تۆمەتی گەندەڵیی دەسگیركران.


ماڵەڕی " خەندان " لەزاری سەرچاوەیەکەوە ڕاگەیاند،"ئەمڕۆ تیمێکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە نوسینگەی دیالەوە هاتون، بەڕێوبەری کشتوکاڵی خانەقین و جێگرەکەی کە برای خۆیەتی دەسگیردەكەن".


ئەو سەرچاوەیە دەشڵیت "ئەو تیمە چونەتە فەرمانگەکە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردوە، جگە لەوەش توندوتیژیان بەرامبەر جێگرەکەی بەکارهێناوە"


ئەوەشی ڕونکردەوە، "ئەم دەسگیرکردنە بەگوێرەی زانیاریەکانی ئێمە بەهۆی کیشەی زەویو زارەوە بوە کە بنەماڵەیەک لەکاتی ڕژێمدا زەویەکانیان دابەشکراوە بەسەر جوتیارانی ناوچەکە، بەڵام ئێستا ئەوان هاتون داوای دەکەنەوە و دەیانەویت بیکەنەوە بەتاپۆ بۆ خۆیان، ئەمە جگە لەوەی کە پێشوتر قەرەبویان وەرگرتۆتەوە، لەبەرامبەر دابەشکردنی زەویەکانیان"


هەر بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکه، "بەڕێوبەری کشتوکاڵی خانەقین ڕێگری لەم کارە دەکات و تۆمەتی گەندەڵی دەدرێتە پاڵی".


بەپێی لیستێک کە لەلایەن نوسینگەی دیالەی دەستەی دەستپاکیی عێراق-ەوە لە سەرەتای ئەم مانگە ئامادەکراوە، زیاتر لە 300 بەڕێوبەر و فەرمانبەری پارێزگای دیالە تۆمەتبارن بە دۆسیەی گەندەڵیی، لەناویشیاندا چەن بەڕێوبەرێکی خانەقینی تێدایە
 


PM:07:52:25/11/2019