ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كودرستان پەیامێكی لە بارەی هێرشەكەی داعش بۆ سەر كوڵەجۆ كە بەرپرسی ئاسایشی ناحیەكە و دوو لە ئەندامانی ئاسایش شەهید بوون بڵاو كردەوە و دەڵێت" هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش، نیشانی دەدات كە ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستییە هێشتا بە تەواوی تێكنەشكێنراوە".
دەقی راگەیێندراوەکە
بەداخەوە دوێنی شەو لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شارۆچکەی کوڵەجۆی سەر بە کفری ، بەڕێوەبەر و دوو کارمەندی ئاسایش شەهیدبوون و چەند کارمەندێکیش بریندار بوون.
پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکەم و هیوادارم خوای مەزن بە بەهەشتیان شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم .
ئەم هێرشەی تیرۆریستانی داعش، نیشانی دەدات کە ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە هێشتا بە تەواوی تێکنەشکێنراوە و، ئێمەش لەمبارەوە چەندین جار هوشداریمان داوە. بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و ، کارکردن لە پێناو نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی سەرهەڵدان و چالاکبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2019/11/30