ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی پەیامێكی لەسەر كۆنگرە بڵاوكردەوە

کەمێک پێش ئێستا ئەنجومەنی ناوەندی راگەیەنراوێكی ٧ خاڵی لەبارەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنێت" دەبێ لەسەرەتای هەفتەی ئایندەدا كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بكرێت كە هەموو ئامادەكارییەكانی بۆكراوەو دەبێت كۆنگرەش لەم مانگەدا ببەسترێت و نابێت بەهیچ شێوەیەك كۆنگرە بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت".

 

دەقى راگەیەنراوەکە: 

كــــــەس و كــــــــاری ســـــــەربەرزی شـــــەهـــیدان

 

پێشــــمەرگــــە‌و فەرماندە قارەمانەكان

 

هەڤاڵان و جەماوەری (ی.ن.ك)

 

دوای بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەم و ئامادەكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئەنجامدانی كۆنفرانسی كۆمیتەكان و مەكتەبەكانی یەكێتی بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ كەرنەڤاڵی ئەنجامدانی كۆنگرە ، بۆیە هیچ پاساوێك نی یە بۆ دواخستنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان و سەرجەم كارە تەكنیكی و هونەری و لۆجستیەكان تەواوبووە و ئەنجومەنی ناوەندی لەسەر كۆی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی كۆنگرەش بەم شێوەی خوارەوە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەكاتەوە:-

 

1. دەبێ لەسەرەتای هەفتەی ئایندەدا كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بكرێت كە هەموو ئامادەكارییەكانی بۆكراوە.

 

2. دەبێ كۆنگرە لەم مانگەدا ببەسترێت و نابێت بەهیچ شێوەیەك كۆنگرە بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت .

 

3. ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی بەرتەسكی شەخسی یان هەرهۆكارێكی دیكەی نامەشروع كۆنگرە بۆساڵی داهاتوو دوابخرێت ئەوا ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی بە هیچ شێوەیەك ناچینە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژووییە و رێز لە ئیرادەی یەكێتیەكان دەگرین .

 

4. دەستخۆشی لە مەكتەبی هەڵبژاردن‌و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكەین كە بە شێوەیەكی دڵسۆزانەو سەركەوتوانە ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ كردووە ، داوایان لێدەكەین بەردەوام بن لەسەر كارەكانی خۆیان.

 

5. ئەنجومەنی ناوەندی بەهەموو شێوەیەك گشت جۆرە لیستێكی داخراو رەت دەكاتەوە‌و لەگەڵ پرۆسەیەكی شەفاف‌و دێموكراسی داین .

 

6. ئەنجومەنی ناوەندی سوپاسی دڵسۆزی‌و پشودرێژی سەرجەم هەڤاڵان‌و ئۆرگانەكانی یەكێتی دەكات كە ڕوو لە ئەنجومەنی ناوەندی دەكەن‌و داوای هەڵوێست ‌و پشتگیریمان لێدەكەن .

 

7. بە ووردی چاودێری بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی سەركردایەتی (ی.ن.ك) دەكەین‌و هیوادارین بڕێارێكی بەرپرسیارانە بدەن لەم ساتە هەستیار‌و مێژووییەدا و روحیانەتی سەرۆك (مام جەلال ) ‌و سەرجەم شەهیدانی گەلەكەمان شاد بكەن

 

لەگەڵ رێزدا ......

ئــــــەنـــــجومـــەنی نــــــاوەنــــدی
(ی.ن.ك)




PM:06:32:04/12/2019