مەلود چاوشئۆغلو: هیچ جیاوازییەک لە نێوان گروپی گیولەن و پەکەکە-یەپەگەدا نیە

مەلود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تا چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی ئێستای سوریا نەكەین، هێزەکانی سوپای وڵاتەكەمان لەو وڵاتە ناچنە دەرەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە رۆما باسی لەوەشکرد "بەبڕوای ئەنقەرە هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و بەرەی نوسڕەدا نیە، هەروەکو چۆن هیچ جیاوازییەک لە نێوان گروپی گیولەن و پەکەکە/یەپەگەدا نیە، تورکیا ناتوانێت جیاوازی لە نێوان ئەو گروپانەدا  بکات".

ئاماژەی بەوەشکردوە "ئەنقەرە پابەندە بە یەکێتی خاكی سوریا و تەنها ئامانجی لێدانە لە گروپە چەکدارییەکان کاتێک ئێمە داعش دەکەینە ئامانج هەموان خۆشحاڵدەبن، بەڵام کاتێک گروپە چەکدارەکانی دیکە (هەسەدە) دەکەینە ئامانج هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەناویشیاندا فرەنسیا روداوەکە گەورەدەکات و ئەوان پشتگیری لە پرۆژەی جوداخوازی دەکەن".

سەبارەت بە هۆکاری مانەوەیان لە سوریا، ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەنقەرە باسی لەوەکرد "ئەگەر ئێمە بکشێینەوە کێ بۆشایی هێزەکانمان پڕدەکاتەوە، ئەگەر بەبێ چارسەری سیاسی بکشێینەوە جارێکی دیکە گروپە چەکدارییەکان سەرهەڵدەدەنەوە، ئەنقەرە پێیوایە دیمەشق بە ئامانجێکی تایبەت لەگەڵ هەندێك گروپی چەکداری (كە توركیا بە تێرۆریست ناویان دەبات) مامەڵە دەکات".

ئەوە لە کاتێکدایە 9ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تورکیا  و گروپە چەکدارییەکانی هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سوریا دەستپێکرد و لە 22ی هەمان مانگ دوای رێککەوتن لەگەڵ مۆسکۆ و واشنتن هێرشەکان راگیران و هەسەدەش لە 23 هەزار کیلۆمەتری چوار گۆشە لەسەر سنوری تورکیا کشایەوە و هێزەکانی روسیا و تورکیا و حکومەتی سوریا شوێنەکانیان پڕکردەوە.

PM:06:47:06/12/2019