ئاسایشی سلێمانی رێگای نەدا بە بۆنەی ١٠٠ ساڵەی پەیماننامەی "لۆزانەوە" گردبوونەوەیەک ئەنجامبدرێت

گروپی دەنگی نیشتیمان و ژمارەیەك چالاكوانان و هاوڵاتیان، ئەمڕۆ شەممە بڕیاربوو لەبەردەركی سەرا بەیاننامەیەك لەبارەی تێپەڕبوونی نزیكەی سەد ساڵ بەسەر ڕێكەوتننامەی لۆزان و دابەشكردنی كوردستان  بخوێننەوە، بەڵام ئاسایشی سلێمانی رێگەی رێكخەرانی نەدا.


گرووپی دەنگی نیشتمان کاتێک کە دەچنە بەردەرکی سەرای سلێمانی تا وتارەکە بخوێننەوە دەبینن هێزێک زۆری ئاسایش لە ناوچەکەدا بڵاوکراونەتەوەو ڕێگایان نەدا بەیاننامەکە بخوێنرێتەوە.


لەبڕگەیەکی بەیاننامەكەی دەنگی نیشتیمانی کە دانەیەکی دەست "سپی"  کەوتووە، هاتووە"ئێمە وەك دەنگی ئازادیخوازانی كوردستان و تەعبیركردن لە ئیرادە و خولیای ملیۆنان ئازادیخوازی كوردستان و جیهان، لەم هەلومەرجە تەواو هەستیارەدا كە ژانێكی نوێیە و هەموو ناوچەكەی پێدا تێ ده‌پەڕێت، بانگی هەموو هێزە نیشتمانییەكانی كوردستان و ئازادیخوازان و ویژدانی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی دەكەین كە چیدی لەژێر هیچ پاساوێكدا ڕەوایەتی نەدرێتە پێشێلكاری و داگیركاری و مرۆڤكوژیی زیاتر".


دەقی بەیاننامەكە:

 
هاووڵاتیانی كوردستان

 
ئێستا كه‌ لە سەروبەندی تێپەڕبوونی نزیكەی سەد ساڵ بەسەر ڕێكەوتننامە شوومەكانی دابەشكردنی كوردستان و دامەزانی دەوڵەت-نەتەوە داگیركارەكانداین، لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر ئەوە دەبینین كە پلانەكانی داگیركەرانی كوردستان و ئیمپریالیزمی جیهانی و دەوڵەت-نەتەوەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ كێشەیەكی بونیاتی و گێژاو و بێچارەسەرییەكیان بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خولقاندووە و چۆن ئاشتی و ئاسایش و ژیانی مرۆڤیان ئەستەم كردووە. دەزانین كە چیدی ناتوانن بە ئاگر و ئاسن و شەڕ و كوشتار و قڕكردنی گەلانیش درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن و لە سەرەمەرگی ڕاستەقینەی خۆیاندان، عێراق و ئێران و توركیا و سوریا بە تایبەت، ئێستاكە لە دەوڵەت و نیشتیمانەوە ڕوون و ڕاشكاو، بوونەتە مەیدانی جەنگ و قڕكردنی ئازادی و مۆڵگەی مافیاكانی گەندەڵی و فاشیزم. 

 
كوردستان كە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بە ناڕەوا پارچە و دابەش كراوە، بە درێژایی ئەو مێژووە، هەموو پێكهاتەكانی ڕووبەڕووی چەندین كۆمەڵكوژی و ئەنفال و جینۆساید و شاڵاوی ناڕەوای ئینكاركردن و شێواندن و سەركوتكردن بوونەتەوە، داگیركاریی توركیا لە باشوور و خۆرئاوای كوردستان و ڕەشبگیر و دەسدرێژی و كۆمەڵكوژییەكانی لە باكووری كوردستان، دەوڵەتی ئێران و سەركوتكردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران و دەستێوەردانی بەردەوامی لە عێراق و  سوریا و باشووری كوردستان، دەوڵەتی عێراق و كوشتنی خۆپیشاندەرانی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری عێراق كە دژ بە گەندەڵی و مافیا سیاسییەكان ڕاپەڕیون، ملهوڕییەكانی رژێمی سوریا و هەموو پیلان و ناڕەوایەتییەكانی دیكە، هەموو ئەمانە سەرباری پاشكۆیەتی و گەندەڵیی دەسەڵاتی حیزب و بنەماڵەسالاری هەرێمی كوردستان و خۆبەدوورگرتنی لە ئەرك و هەڵوێستی نیشتیمانی دژ بە داگیركەرانی كوردستان، هیچ نین جگە لە وێستگە هەنووكەییەكانی ئەو داگیركاری و كۆمەڵكوژی و ناڕەوایەتییانە.

 
دەوڵەت-نەتەوە سەردەست و داگیركارەكانی كوردستان و پاشكۆكانیان بەپێی هەموو پێوەرە مرۆیی و نێودەوڵەتی و مەدەنی و سیاسییەكان، بە هۆی مرۆڤكوژی و گەندەڵییەكانیانەوە، بە هۆی تیرۆر و ستەمكاریی و گلانیانەوە لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، هەموو ڕەوایەتی و توانایەكی مانەوەی خۆیان لە دەست داوە و لە پەلەقاژەی مەرگی یەكجارەكیی خۆیاندان؛ بەڵام لە دۆخێكی ئاوادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوردستانیش ڕووبەڕووی چارەنووسێكی نادیار بوونەتەوە، ڕووبەڕووی ئەوە دەبنەوە كە ببنە زەمینەی ململانێی نوێ و كۆمەڵكوژی و وێرانكاریی زیاتر، لە كاتێكدا كە هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕوانینی سیاسی و پرنسیپ و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و مافی ڕەوای گەلان لە ئاشتی و ئازادی و خۆبەڕێوەبەریدا و ڕێگەگرتن لەو چارەنووسە نادیارە، ئەوە دەخوازن كە ئێمە خاوەنێتیی ڕاستەقینە لە كێشە و دۆزی ڕەوای خۆمان بكەین و گوتاری نیشتمانیمان بۆ دەربازبوون لەم گێژاوە یەك بخەین و ئیرادەی سیاسیی ڕاستەقینەی ئازادیخوازانی كۆمەڵگه‌ بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی چیدی لەم گێژاوە بێچارەنووسەدا نەمێنینەوە.

 
ئێمە وەك دەنگی ئازادیخوازانی كوردستان و تەعبیركردن لە ئیرادە و خولیای ملیۆنان ئازادیخوازی كوردستان و جیهان، لەم هەلومەرجە تەواو هەستیارەدا كە ژانێكی نوێیە و هەموو ناوچەكەی پێدا تێ ده‌پەڕێت، بانگی هەموو هێزە نیشتمانییەكانی كوردستان و ئازادیخوازان و ویژدانی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی دەكەین كە چیدی لەژێر هیچ پاساوێكدا ڕەوایەتی نەدرێتە پێشێلكاری و داگیركاری و مرۆڤكوژیی زیاتر.

 
بانگی ئیرادەی یەكگرتووی گەلانی كوردستان و ئازادیخوازانی جیهان و كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی دەكەین كە هەنگاوی ڕاستەقینە بنێین بۆ خاوەنێتیكردن لە خۆمان و لە هەموو گەلانی ئازادیخوازی كوردستان و پێكەوە كۆتایی بە ستەمكاری و مرۆڤكوژی و نكۆڵیكردن لە ئازادیی ئینسان و ماف و سەروەریی گەلان بهێنین.
بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو گەلانی ناوچەكە و گەلان و پێكهاتەكانی كوردستان ئەوەیە كە مرۆڤایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیان، داوای ئەوەمان لێ دەكەن كە لەم گێژاوە نامرۆڤانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرچین و هەموومان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست نەفرەت لە داگیركاری و فاشیزم و گەندەڵی بكەین و پێكەوە بژی ئیرادە و ئازادی و بەرخۆدانی گەلان بڵێینەوە.


دەنگی نیشتمان
٧/١٢/٢٠١٩

 


ئه‌م بابه‌ته ‌658 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:43:07/12/2019