ئیسپەر: هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا هەڵەبوو

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێککەوتی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆڕبەندی ریگان بۆ بەرگریی نیشتیمانی لە کالیفۆرنیا ڕایگەیاند" هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا هەڵەبوو، داعش خاکی زۆری کەوتە ژێر دەست و هەسەدەش لە شەڕی دژی ئەوان قوربانیی زۆریان بەرکەوت".

 

وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد" پێمان نایە سووریا و یەکگرتنمان لەگەڵ هەسەدە بووە هۆی ئەوەی بەشێوەیەکی گەورە داعش تێک بشکێنین، بەڵام هەرگیز نەمانگوتووە ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ بۆ ئێوە رابگەیەنن. هەرگیز نەمانگوتووە لە دژی تورکیا بەرگریتان لێدەکەین کە ٧٠ ساڵە هاوپەیمانی ناتۆیە. بەڵام ئێمە ئەمڕۆ لە نزیکەوە لەگەڵ هەسەدە کاردەکەین و ئەو هاوبەشییەمان پاراستووە".

 

ئێسپەر سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا وتی" پێموایە تورکیا خودی خۆی خستووەتە ئەو پێگەیەی کە زیانی بەربکەوێت، پێمانوابوو ئەو هێرشەی کردییە سەر باکووری سووریا هەڵەبوو و دەبێتە هۆی هەڵهاتنی داعشە زیندانیکراوەکان و درووستبوونی پشێوی لە ناوچەکە".

 

سەبارەت بە بارودۆخی عێراق ئیسپەر ئاماژەی بەوەکرد" نزیکەی چوار هەفتە لەمەو بەر لە عێراق بووم و لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبوومەوە، ئەو کات قسەمان لەسەر زۆر بابەتکرد، دڵنیایم دایێ کە ئێمە رێز لەسەروەریی خاکی عێراق دەگرین، ئێمە نامانەوێت ببینین عێراق بڕووخێت، ئەوان هاوبەشی باشی ئێمەبوونە. دەمانەوێت بەوشێوەیەی ئێستا لە پاڵپشتیکردنیان بەردەوامبین".

 

وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو: چەند جارێک بینیویانە موشەک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە و ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئێران بە ئاسانی دەستی بەوان دەگات.

 

مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆڕبەندەکەدا جەختیشیکردەوە: ئێمە لەوێین بۆ ئەوەی لە رووی مەشق و راوێژکارییەوە یارمەتیی عێراق بدەین تاوەکو ئێران و گرووپە میلیشیا شیعەکان لەو وڵاتە دووربخەینەوە. ئەوەی ئێستا لەسەر شەقامەکان دەبینرێت، خەڵکن لەسەرتاسەری عێراق خۆپیشاندان لە دژی چەند کێشەیەک دەکەن، وەکو بێکاری و قەیرانی ئابووری، بەڵام ئەوانە دەشڵێن دەمانەوێت ئێران لە وڵاتەکەمان بچێتە دەرەوە، ئەمە نیشانەی دیارن لەنێوان دوو وڵاتی شیعەنشین و بوونی ئەو پشێوییە لەنێو حکومەتدا شتێکی باش نییە".

 

ئەمەش لە کاتێکدایە بەیانی ڕۆژی چوار شەممە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بەسەردانێکى پێشتر ئاگادار نەکراو گەیشتە بەغداد.


مارک ئیسپەر، وەزیرى بەرگرى ئەمریکا لەسەردانەکەیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی حکومەتی عێراق کۆبۆوە، بۆ تاوتوێکردنى چەندین پرس، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکردن بریتی بوو لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەسووریاوە بۆ عێراق.

 
 
 
 
 


PM:01:25:08/12/2019