نەوەی نوێ لە بەغداد بە پێچەوانەی کوتلە کوردیەکانەوە دەنگی دا

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند" بە پێچەوانەی فراکسیۆنە کوردییەکان نەوەی نوێ دەنگی بەیاسایی هەڵبژاردن دا و نەوەی نوێ لەسەر بەڵێنەکانی خۆیانن".

 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی" لەبەر چوار هۆکار دەنگمان بە یاسای هەڵبژاردندا و ئەو لیستە کوردییانەی کە دەڵێن زەرەری کوردی تێدایە راست ناکەن، چونکە بەدڵنیاییەوە زەرەری حیزبەکانی تیدایە و سودەکانی یاساکە ئەمانەن :


١- ئەم یاسایە لە هەژموونی حیزب کەم دەکاتەوە و گرنگیی دەدات بە تاک و بە خەڵکانی ئازاد و سەربەخۆ.


٢- بەپێی ئەم یاسایە کێ لە بازنەیەکدا لێوەشاوە و لێهاتوو بێت، ئەوە دەردەچێت، نەک کاندیدی حیزب.


٣- بەپێی ئەم یاسایە هەر کاندیدێک لە بازنەیەکی بچووکی دیاریکراودا دەبێتە پارلەمانتار، کە خەڵکی ناوچەکە دەیناسن و ئەگەر کەمتەرخەم بێت دەتوانن لێپرسینەوەی لێبکەن.


٤- ئەوەی دەڵێن پێگەی کورد کەم دەکات درۆیە، بەڵکو لە راستییدا هەژموون و پێگەی یەکێتیی وپارتیی کەم دەکاتەوە. رێژەی کورد جێگییرە و لە ناوچە کوردیەکان هەر کورد یەکەم دەبێت.


٥-لە رابردوودا، پارتیی و یەکێتیی و حیزبە کوردییەکان ٨٠ کورسییان هەبوو، بەلام میللەت چ قازانجێکی کرد!؟ دواتر حیزبە کوردییەکان بوون بە نزیکەی ٦٠ کورسیی، بەڵام حاڵی هاوڵاتییان هەروەک خۆی بوو. ئێستاش ئەگەر دوو کورسیی کەمتر یان زیاتر بێت هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، بەڵکو پارتیی و یەکێتیی زەرەر دەکەن و کۆمپانیاکانیان پرۆژەی کەمتر وەردەگرن، ئەگەر نا، هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بکات، ئەوە موچە و بودجەمان بەردەوام دەبێت و دۆخی هاوڵاتییانیش باش دەبێت.


ڕاشیگەیاند" بیکەن بە بنەمایەکی نەگۆڕ و بۆ هەتا هەتایە ئەمە بکەن، پارتیی و یەکێتیی لەگەڵ چیدا بوون، ئێوە دژی بن، دڵنیابن لەوەی ئەوکاتە میللەت سودمەند دەبێت".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ هەردوو پڕۆژە یاسای ١٥ و ١٦ كە جێی مشتومڕ بوون و كورد دژیەتی، لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراقەوە پاش ئەوەی خرانە دەنگدانەوە پەسەندكران، هاوکات سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان كرد جگە لە نەوەی نوێ، كە بەشدارییان كرد.

 



PM:07:10:24/12/2019