دەقی نامەكەی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق

ئێوارەی ئەمڕۆ دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە نامەیەكدا كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد، لە ئەنجامی كاندیدكردنی كەسایەتیە حزبیەكان بۆ سەرۆك وەزیران، ئامادەیی خۆی دەربڕی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق تا لەوبارەیەوە بڕیاری گونجاوبدەن، ئاماژەی بەوەشكرد" كاندیدكردنی كەسانی حزبی بۆ پێگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشێلكاریی دەستوریە".

 

دەقی نامەكەی سەرۆك كۆمار


بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت

لە رێكەوتی 23-12-2019دا نوسراوی ژمارە 1360تانم بەدەست گەیشت سەبارەت بە دیاریكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان لەڕوی ژمارەوە، كە تێیدا جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی هاوپەیمانی بنیادنان گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیه لەڕوی ژمارەوە‌، هاوكات لە لایەن هاوپەیانی بنیادنانەوە نوسراوێكم بەدەستگەیشتوە كە تێیدا بەڕێز ئەسعەد عیدانی-یان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاریكردوە.


لەگەڵ پابەندبونمان بە دەقی دەستوری كە دایكی هەمو یاساكانە لەبەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، دەمەوێت ئاماژە بكەم بەبەرپرسیارێـتی  نیشتمانیی خۆ‌م لەم دۆخە مێژوییە هەستیارەدا، هاوكات لەژێر ڕۆشنایی ئەو دەستكەوتانەی جوڵانەوە شەرعییەكانی خۆپیشاندەرانی گەلەكەمان سەپاندویانە، پێویستە لەسەر ئێمە پێش رەچاوكردنی پێگە كەسیی و سیاسییەكان بەرژەوەندیە باڵاكانی نیشتیمان رەچاوبكەین. لەكاتێكدا پێگەی سەرۆكایەتی كۆمارم گرتەئەستۆ لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل سوێندم خواردوە كە دەبێت بیانهێنمەجێ و بەرگریان لێ بكەم، ئەمڕۆ بەرپرسیارێتیەكی نیشتمانی لە ئەستۆی سەرۆكدایە كە دەبێت پشتیوانبم لە لێكتێگەیشتنەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتو، كە بەرژەوەندیەكانیش وا دەخوازێت و پێویستە لەسەر ئەو كاندیدە هۆكاربێت بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكان بێ مشتومڕ و دەبێت جێگەی ویست و خواستی گەلی عێراق بێ كە ئەوان سەرچاوەی شەرعیەتی هەمو دەسەڵاتەكانن.


سەبارەت بەتایبەتمەندی و مەرجەكانی سەرۆكی داهاتوی حكومەتی عێراق لەماوەی ڕابردودا لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان و هێزە سیاسییەكان و چالاكوانان و چاودێرانی كۆمەڵایەتی و ئەكادیمیستەكان و پیاوانی ئاینی و كۆمەڵایەتی زنجیرەیەك دانوستان و ڕاوێژكاریم ئەنجامداوە، لە هەمانكاتدا لەلایەن 174 پەرلەمانتارەوە داواكارییەكی واژۆكراوم پێگەیشتوە كە تێیدا تایبەتمەندیەكانی سەرۆكی نوێی حكومەت دیاریكراوە. 


لەسەروی هەمو ئەوانەوە، بەرەچاوكردنی بەرپرسیارێتی سەرۆك كۆمار بەرامبەر بەگەلەكەی و بەرپرسیارێتیە نیشتمانیەكانی بەرامبەر ‌سەقامگیری و پاراستنی ئاشتی وڵات، لەخواست و پێداگری خۆمەوە لە ئاست ئاشتی كۆمەڵایەتی وڵات و نەڕشتنی خوێن، لەگەڵ هەمو ڕێزو پێزانینێكم بۆ بەڕێز ئەسعەد عیدانی، داوای لێبوردن دەكەم بۆ ‌كاندیدكردنی لەلایەن هاوپەیمانی بنیادنانەوە. لە هەمانكاتدا‌ ژمارەیەك نوسراو لەبارەی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییەوە گەیشتۆتە سەرۆكایەتی كۆمار كە دژ یەكن، لەڕێكەوتی 16-12-2019 سەرۆكایەتی پەرلەمان/ نوسینگەی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان ‌نوسراوی ژمارە 1338 ی ناردوەتە سەرۆكایەتی كۆمارو تێیدا ئاماژەی بەوەكردوە 16 كوتلەی لیستی كوتلەكانی پەرلەمان هاوپەیمانیەكیان پێكهێناوە و ئەو هاوپەیمانیە‌ لەیەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە روی ژمارەوە دیاریكراوە، كە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی لە لایەن ئەو كوتلەیەوە ڕاسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، لەپاش ئەو نوسراوە ، رێكەوتی 23-9-2019 نوسراوی ‌ژمارە 2494مان بەدەستگەیشتوە كە رێكەوتی 16-9-2018 لەسەر نوسراوەكە هەبوە ئاماژە بەوەدەكات هاوپەیمانی بنیادنان لەروی ژمارەوە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەم نوسراوە لەكاتی دەرچونیدا نەنێردراوە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار و لە تۆماری نوسراوە هاتوەكانی ئەوكاتەی ئێمەدا تۆمارنەكراوە، لەوكاتەشدا من وەك سەرۆك كۆمار دیارینەكرابوم، وە ئەگەریش لەوكاتەدا نوسراوەكە نێردرابێت بۆ سەرۆكایەتی كۆمار ئەوكاتە كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت لەلایەن هاوپەیمانیەتی بنیادنانەوە دیاریدەكرا نەك لەلایەن ئەو 16 كوتلەیەی كە هاوپەیمانێتیەكەیان پێكهێناوە، پاش ئەوەی ئەم تێبینیانەمان نارد بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران نوسراوێكی دیكەی بە ژمارە 1360  لە رێكەوتی 23-12-2019ی ڕەوانەكرد، كە تێیدا هاتوە ((سەبارت بەبابەتەكەی بۆتان ناردوین ئاماژە بەنوسراوی ژمارە 2494ی رێكەوتی 16-9-2018 دەكەین))، بەواتای ئەوە دێت گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لەروی ژمارەوە هاوپەیمانێتی بنیادنانە و ئەویش دەبێت كاندید بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی دیاریبكات، ئەوەش دژیەكە لەگەڵ دو نوسراوەكەی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران كە بریتین لە نوسراوی ژمارە 2535ی ڕۆژی 2-10-2019 و نوسراوی ژمارە 1338ی ڕۆژی 16-12-2019.


لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتیەكەمدا كە بریتیە له ‌پەیڕەوكردنی دەستورو پاراستنی، پێویستە ئاماژە بە بڕگەی 67ی دەستور بدرێت كە سەرۆك كۆمار پابەند دەكات بە (پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی و یەكێتی و ئاشتی خاكی عێراق)، بەهەمانشێوە بڕگەی 76ی دەستور سەرۆك كۆمار پابەند دەكات بە راسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لەروی ژمارەوە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران بێ ئەوەی مافی تانەو رەتكردنەوەی هەبێت.


لەبەرئەوەی ئەو هەڵوێستەی كە كاندیدی ئێستای پێدیاریكراوە، لەدەقی پابەندبونەكان بە دەستور دەرچوە، بەوهۆیەوە ئامادەیی خۆم بۆ دەستلەكاركێشانەوە لەپێگەی سەرۆكایەتی كۆمار دەردەبڕم لەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، تا لەژێر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتی خۆیاندا وەك نوێنەرانی گەل، بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە بەگونجاوی دەزانن، بەدڵنیاییەوە هیچ خێرێك لەپێگەو پلەیەكدا نابێت كە لەخزمەتی خەڵكدا نەبێت و گرەنتی مافەكانیان نەكات.


لەو ڕوانگەیەوە جەختدەكەمەوە لەسەرئەوەی، جوڵانەوە سیاسییەكان و پەرلەمانیەكان دەبێت هەمیشە مینبەرێكی هەمیشەیی بن بۆ خواست و ویستی تەواوی گەل و مینبەرێكیش بن بۆ ئەمن و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و لەئاست بەرپرسیارێتی بەدیهێنانی ئەمنیەت و خواست و ویست و قوربانیەكانیانی گەلدا بن.


‌وتەیەكی ئیمامی عەلی كوڕی ئەبی تالیب ڕەزای خوای لێبێت بیردێنمەوە كە دەڵێت: "یەزدان رەحم بەو مرۆڤە بكات كە راستی دەبوژێنێتەوە و بەتاڵیی لەناودەبات و ستەم تێكدەشكێنێت و دادپەروەری بەرپادەكات"، هەربۆیە دادپەروەری سەرچاوە و ئامانجی دەسەڵاتە، كۆتا پێگەی دەستورەكانەو شوێنی بەرپرسیارێتی فەرمی و سەروەریەتیە، لەهەمانكاتدا دەستەكەوتی ڕۆڵەكانی گەلمانە دوای ئەو هەمو قوربانیانەی لەپێناو پاراستنی نیشتمان و مافەكانی هاوڵاتیان پێشكەشیان كردوە..


درودو نەمری بۆ شەهیدانی عێراق، ئەمن و ئاشتی بۆ گەلی عێراق، داوای سەركەوتن لەخودا دەكەین


بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عێراق
26-12-2019



PM:06:15:26/12/2019