پۆمپیۆ لەسەر هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی دەكات

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندی بە سەرۆك وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق کردووە و داوای پاراستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لێکرد".

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند" مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هێرشەكەی رۆژی سێ‌ شەممە بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە، لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئەمڕۆ پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق كرد".

 

مۆرگان ئۆرتاگۆس، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دەڵێت" پۆمپێیۆ به‌ توندی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكای سه‌رۆكۆنه‌ كردووه‌ و ئه‌وه‌شی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ حكومه‌تی عێراق به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنی باڵیۆزخانه‌ و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان".

 

دەشڵێت" لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەدا پۆمپیۆ باسی لە رێوشوێنەكانی حكومەتی عێراق كردوە بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەكە و داوای كردووە دەسەڵاتدارانی بەغداد پابەندبن بە پاراستنی".

 

رۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی و حزبوڵڵای عێراق، له‌ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا گردبوونه‌وه‌ و دواتریش هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌.

 

لایەنگرانی حزبوڵا لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئاڵای عێراق و حزبوڵايان بەرزكردەوە و بڕیاری مانگرتنیان دا تاكو داخستنی باڵیۆزخانەكە، بەڵام رۆژی چوار شەممە كشانەوە. 




ئه‌م بابه‌ته ‌372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:29:02/01/2020