جوتیار عادل: دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد" هیچ كێشەیەك لە هاتنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە نییە و دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت".

 

جوتیار عادل، وتەبێژی فەڕمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند" هیچ كێشەیەك لە دابەشكردنی مووچە نییە و ئەگەر دواكەوتبێت بابەتەكە هونەرییە و سیاسی نییە".

 

وتیشی" دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت و هیچ كێشەیەك لە هاتنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە نییە، چونكە ئەوە كاری لەپێشینەی حكومەتە".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد" دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، چه‌ند ڕۆژێك دواكه‌وتنی مووچه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ مووچه‌ نادرێت و تا ئێستا هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ پرسی مووچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نه‌بووه".

 

ڕاشیگەیاند" ئێمه‌ داوای گەرەنتی ته‌نیا بۆ هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ین، به‌ڵكو داوای گەرەنتی بۆ هه‌موو عێراق ده‌كه‌ین و له‌و باوه‌ڕه‌داین هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقدا نییه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ بكه‌ونه‌ ناو ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو بینای پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند" دابەشكردنی موچە دواناكەوێت و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرێتەوە، رەنگە رۆژی یەکشەممە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دابەشكردنی مووچەی مانگی ١٠ی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەست پێ‌ بكات".

 

بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێم لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا مانگانە لە ٥ی مانگەوە دابەشكردنی مووچە بە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێ‌ دەكرد، بەڵام ئەم مانگە ئەمڕۆ ٨ی مانگە و تا ئێستا چارەنووسی دابەشكردنی مووچە نادیارە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مووچەی ٣ مانگی ساڵی ڕابردوو نەدراوە بە فەرمانبەران.



PM:10:33:08/01/2020