عەلی حەمەساڵح: رۆژی یەکشەممە دابەشکردنی موچە دەستپێدەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" رۆژی یەکشەممە دابەشکردنی موچە دەستپێدەکات و موچەی سەرجەم وەزارەتەکان ئامادەیە".

 

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک وادەی دابەشکردنی مووچەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت" ئەمڕۆ ھەینی بەدواداچونی تەواومانکرد بۆ ھۆکاردواکەوتنی موچە، رۆژی یەکشەم دابەشکردنی موچە دەستپێدەکات و موچەی سەرجەم وەزارەتەکان ئامادەیە و پشکی ھەرێم لە بەغداوە بۆ ئەم مانگە ھاتوە کە ٤٥٢ ملیار دینارە".

 

عەلی حەمە ساڵح ڕاشیگەیاند" گرفتی گەورەش لەگەندەڵی و داھاتی نەوت و خاڵی سنوریەکانە، ئەوەی لە ڕابردوو ھەبوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، دەبێت چاکسازی گەورەی تێدا بکرێت".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردووە" ڕۆژانە ھەرێم ٤٧٥ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمدێنێت، بەڵام تەنیا ٢٩٥ ملیۆن دۆلار دەدرێتە وەزارەتی دارایی بو موچە، ھەر بەرمیلێک( ٢٠.٦٧ )بیست دۆلارو شەست و حەوت سەنتی دەدرێتە دارایی بۆ موچە! ( گرفتی گەورەو گەندەڵیەکانی نەوتمان لە راپۆرتێکدا ئامادەکردوەو کاری لەسەر دەکەین".

 

وتیشی" گەندەڵێ و قاچاخچێتی و قۆرخکاری گەورە لە خاڵە سنوریەکاندان، چوار مانگ کارمان لەسەر کردوەو ڕاپۆرت دراوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت، بڕیارە دانیشتنی پەرلەمانی بۆ بکرێت، بەدڵنیایی ئامادەنین پاسەوانی ٥٠ ملیۆن دۆلار گەندەڵی مانگانەی چەند کەسێک".

 

عەلی حەمە ساڵح سەرچاوەی موچەی هەرێم ئاشکرا دەکات کە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:.

 

پارەی پێویست بۆ موچە ٨٨٦ ملیار دینارە 


١- بڕی ٤٥٢ ملیار دینار لە بەغداوە. 


٢- بڕی ٢٩٥ ملیۆن دۆلار(٣٥٤ ملیار دینار) 


٢- داھاتی ناوخۆی نانەوتی نزیکەی ٢٠٠ ملیار دینار 


٤- ھاوپەیمانان ٢٥ ملیار 

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا ناوبراو ئاشکراشیکردووە" کۆی ئەو پارەی دێتە وەزارەتی دارایی، نزیکەیەک ترلیۆن و ٣١ ملیار دینارە، ٨٨٦ ملیار بۆ موچەو ئەوی دیکەش بۆ خەرجی وەزارەتەکان و بەردەوامبونی ھەندێک پرۆژەیە، بۆمان دەرکەوت بەبێ ڕێککەوتنێکی سەنگین ھەرێم ناتوانێت مانگێک موچە بدات".

 

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند دابەشکردنی موچە کێشەی نیە و رۆژی یەکشەممە دەستپێ دەکات

 
 
 

 

 



AM:12:03:11/01/2020