سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق هەوڵی رێگری لە بارگرژی زیاتر دەدەن



سێ سەرۆکایەتیەکی عێراق کۆدەبنەوە و هەوڵدەدەن رێگری بکەن لە بارگرژی زیاتر و دۆخەکە هێوربکەنەوە.


 
ئەمشەو د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر لە كۆشكی سەلام لە بەغدا كۆبوونەوە.


نووسینگەی سەرۆك كۆمار رایگەیاند " لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكایەتییەكان هاوڕابوون لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی و سەقامگیری سیاسی و دارایی لە هەڵوێستەكانی تایبەت بە قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان".


هەروەها هاتووە " بە خۆ بەدوورگرتنی عێراق لە ململانێكان و جەختكردنەوە لە هێوركردنەوەی دۆخەكە و رێگرتن لە گرژی زیاتر".


سێ سەرۆکایەتییەکە داوادەکەن كە پەلەبكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ و بەدەنگەوەچوونی داواكارییەكانی چاكسازی لەسەرجەم ئاستەكانی سیاسی، ئابووری و خزمەتگوزاری، بە جۆرێك كە سەروەری عێراق و ئاسایشی عێراقییەكان بپارێزێت.


هەر سێ سەرۆكایەتییەكە جەختیانكردەوە كە دەبێتە پەرۆشی عێراق بۆ پاراستنی سەروەرییەكەی و رێگرتن لە دەستوەردانی دەرەكی لەبەرچاوبگیرێت. 
 


PM:11:33:15/01/2020