پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ دەستبەرداری فراکسیۆنەکەی دەبێت و وەڵامی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە

پەرلەمانتار سیروان بابان وەڵامی سەرۆکی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید دەداتەوەو دەڵێت " نەوەی نوێ و خانەنشینیش رەتدەکەمەوە".

 
لەو روونکردنەوەیەدا کە کۆپیەکی بۆ ماڵپەڕی سپی نێردراوە، تیایدا هاتووە" خۆتان ئاگادارن بەداخەوە لە ناو نەوەی نوێدا کێشە سەریھەڵدا. ھۆکاری سەرەکی کێشەکان ئەوەبوو کە شاسوار عەبدولواحید وەك بەڵێنی بە ئێمە دابوو کە واز لە بازرگانی و گرێبەستە بازرگانییەکان بھێنێ، بە پێچەوانەوە نەك وازینەھێنا بەڵکو فراوانتریکرد و پەلی ھاویشت بۆ بەغداد و دەرەوەی وڵات".

 
هەروەها هاتووە "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تکامان لە شاسوار عەبدولواحید کرد، حەقی خەڵکەکە لە پشکەکانی چاڤێ لاند بگێڕێتەوە و ٥٢ ملیۆن دۆلارەکە بداتەوە بە حکومەت و ھەروەھا وەك بەڵێنی پێداین واز لە بازرگانی بھێنێت. بەڵام نەك ھەر بە گوێی ئامۆژگارییەکانی ئێمەی نەکرد، بەڵکو کەوتە رێکەوتنی نھێنی ژێر بە ژێر و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ دەزگایەکی جاسوسی ناوخۆ تاکو مەلەفەکانی دادگای بۆ ھەڵپەسێرن".

 
سیروان بابان دەشڵیت " کە دۆسێی پڕۆژە یاسای چاکسازی ھاتە پێش، تکام لە ھاوڕێکانم کرد کە خەڵك ماندووبووە و بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە درۆ لەگەڵ خەڵك دەكەن، با ئێمە لەگەڵ خەڵك ڕاست بین. فۆرمێکی فەرمیم دروستکرد و تکام لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ کرد کە ھەموومان ئمزای بکەین کە لە کۆتایی خوولەکە، خۆمان خانەنشین ناکەین. بەڵام سەرۆکی فراکسیۆن و ھاوکارەکانی ڕەتیان کردەوە ئیمزای فۆرمەکە بکەن.

 
کە بابەتەکەم گەورە کرد، پلانێکیان دۆزیەوە بۆ چەواشەکردنی خەڵك".

 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ھەموو لایەك دڵنیا دەکەمەوە کە من پابەندم بە بەڵێنەکانمەوە و لەسەر وتنی ڕاستییەکان بەردەوام دەبم. ھیوادارم ھەموومان پێکەوە کۆتایی بە کۆیلایەتی بۆ حیزب و سەرۆك بھێنین".




PM:05:21:20/01/2020