ئاسایشی گەرمیان: تیرۆرستێكی مەترسیدار دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت" تیرۆریستێكیان دەستگیر كردووە كە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنجامدەری تەقینەوەكەی بازگەی باوە مەحمود هەبووە".

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاشکرایکرد" لەچوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەكانی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیماندا سەبارەت بەپاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و پاراستنی سنوورەكە لە هەر دیاردەیەكی نەخوازراو و دەستگیركردنی تاوانباران و روبەڕووكردنەوەیان بەدادگا، پاش ئەوەی زانیاری وردو تەواو دەستەبەركراوە سەبارەت بە تۆمەتبارێك كە ئەندامی گروپی تیرۆریستی داعشەو لە سنووری قەزای خانەقین نیشتەجێیە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاسایشی گەرمیان دەشڵێت" دەستبەجێ هێزەكانمان لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە ئەو تیرۆریستەیان دەستگیر كردوەو روبەڕووی یاسایان كردۆتەوە، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا تۆمەتبار دانیبەوەدا ناوە كە لە ساڵی 2015 لەڕێگای كەسێكەوە بەناوی ئەبو ئیسحاق پەیوەندی بە داعشەوە كردووەو زانیاری جموجوڵی هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەی لە سنووری خانەقین بەو گرووپە تیرۆریستییە داوە".

ئاسایشی گەرمیان ئەوەشی خستوەتەڕوو: تیرۆستە دەستگیركراوەكە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنجامدەری تەقینەوەكەی بازگەی باوە مەحمود هەبووە كە لە 22ی12ی2018دا هێزەكانی ئاسایشی خانەقینی كردبووە ئامانج.



PM:01:18:30/01/2020