ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری بەدراوێكی زۆری ساختەوە ڕاگەیاند

ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی دوو ساختەکاری راگەیاند کە زیاتر لە هەشت ملیۆن دیناریان ساختەکردووە.

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا رایگەیاند" لەدرێژەی كارو چالاكیەكانماندا بەمەبەستی پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان  و نەهێشتنی هەموو جۆرە دیاردەیەكی دزێوو دەستبڕین و بنبڕكردنی دراوی ساختە، هێزەكانمان بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی ماددەی ٢٨١ لە یاسای سزادانی عیراقی، توانیان رۆژی ٤ی شوبات، لە شاری سلێمانی دوو كەس دەستگیر بكەن".

روونشیكردوەتەوە: دەستگیركراوەكان ناویان (ا.ڕ.ع) و (هـ.ا.م)ە كە بڕی  هه‌شت ملیۆن و ٩٠٨ هەزار دیناری عیراقی تەزویریان پێبووە و لەدوای لێكۆڵینەوە دانیان بەوەدانا كە بەشێكی پارەكەیان لەسۆپەرماركێت و به‌نزینخانەكاندا جەرخكردوە.

ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت" دەستگیركراوەكان بەنیاز بوون ئەو بڕەی پارەییەی كە ماوە لەشاری سلێمانی ساغی بكەنەوە، سەیارەیەكی هۆندایان لە جۆری ئەكسێنتی رەنگ سپیان پێبووەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".

 


PM:07:28:05/02/2020