خۆپیشاندان لە شارەكانی عێراق بەردەوامە و بەهۆی گرژیەكانەوە كوژراو بریندار هەیە

ئەمڕۆ دووشەممە خۆپیشاندان لە شارەکانی بەغداو باشووری عێراق دەستیپێکردەوە و لە  پارێزگای زیقار گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان روویدا.

 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، خۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقاری باشووری ئەو وڵاتە هەوڵی هەڵكوتانە سەر زانكۆی عەینیان دا و ویستییان ئەو زانكۆیە دابخەن، هێزە ئەمنییەكان بە چەك و بۆمبی فرمێسكڕێژ رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە بۆ ئەوەی رێگەیان پێ نەدەن بچنە ناو بینایەی زانكۆ، لە ئەنجامدا خۆپیشاندەرێك كوژرا و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون. 

 

PM:07:01:10/02/2020