هەڤاڵ ئەبوبەکر ئامادە نەبوو بەواژووی بارزانی ببێت بە پارێزگار، ئێستا دەڵێت: کابینەی نێچیرڤان و مەسرور زۆرترین نازی سلێمانییان کێشاوە

ئەو پارێزگارەی دوێنێ ئامادە نەبوو مەسعود بارزانی واژووی بۆ بکات تا ببێت پارێزگار، ئێستا دەڵێت: کابینەی کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور زۆرترین نازی سلێمانییان کێشاوە.

فراکسیۆنی پارتی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی سەردانیانەوە بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی راگەیاندنێکیان بڵاوکردەوەو لەو راگەیاندنەدا هاتووە" لە باسی شەقامی سەد مەتری کە پرسێکی گرنگ بوو لای ئێمە بەڕێز پارێزگار بە ئێمەی گوت: ئەم بابەتە مەسەلەی کاتەو جەنابی کاک مەسرور پاڵپشتی جێبەجێکردنییەتی،تەنها تێبینی هەبووە لەسەر بڕی تێچووی پارە بۆ هەر کیلۆمەترێک جادە کە لە هەولێر دوو ملیۆن و چوار سەد هەزار دۆلار بووە بەڵام لە سلێمانی سەرو نۆ ملیۆن بووە، جەنابی گوتوویەتی با پێنج ملیۆنیش بێت بەڵام نۆ ملیۆن مایەی پرسیارە، بۆیە میکانیزمی چارەسەری ئەمەش دانراوە".

هەروەها فراکسیۆنی پارتی دەڵێن " پرسیاری ئەوەمان کرد هەست بە هیچ جیاوازییەک دەکەن لەمامەڵەی حکوومەت هیچ گلەیتان هەیە؟ بەڕێز پارێزگار پێی گوتین کابینەی کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور زۆرترین نازی سلێمانییان کێشاوەو بەهەموو جۆرێک پاڵپشتمانن، ئەم کابینەیەش هەماهەنگییەکی بێ وێنەی هەیە لەگەڵمان و ڕاوبۆچوونمان بۆ زۆربەی پرسەکان وەردەگرن ئەو قسانەشی دەکرێن لەسەر فەرق و جیاوازی پرسێکی سیاسییە و لەوانەیە لە پارتی خەڵکێک هەبن بە شێوازێک بەرانبەریان لاواز بکەن و ئەمەش هەر کارێکی لەمجۆرەیە و هەندێک ئەترافی سیاسی بۆ بەهێزکردنی خۆیان ئەمە دەکەن".

هادی حەمە رەشید هەڵسوڕاوی پێشووی گۆڕان کە نووسەریشە  لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی" بیهێننە پێش چاوی خۆتان؛ لەساڵی 2016دا د.هەڤاڵ بهاتبایە کەمترین موجامەلەی پارتیی بکردایە، بزانە چ حەشرێك هەڵئەسا!نەك موجامەلە بەڵکو ئەو 250هەزار دەنگی هێنابوو ئامادە نەبوو بە واژۆی بارزانیی ببێت بە پارێزگار کە ئیستیحقاقی خۆی بوو".

ئەو نووسەرە دەشڵێت " ئێستا ئیتر ئەوەندە لە خەت لایداوە هەرچی بڵێت کەس شۆك نابێت، «کەچەڵ هەر جارێك ئەستەمە کڵاوەکەی بکەوێت»!

لە کۆتایی پۆستەکەیدا نووسیوویەتی " قسەی ئێمە لەسەر مۆراڵی سیاسیی خۆیەتی، ئەگەر نا بەپێچەوانەی سیاسەتی بزووتنەوەکەی ڕەفتار ناکات، مستەفای سەید قادر و جەلال جەوهەر ئەملاولای نێچیرڤانیان گرتووە و سەرقاڵی دروستکردنی «یەکڕیزیی»ـن لە بوغدا، ئێ چ دەبێتن ئەمیش لە سلێمانیی لەگەر ئومێد و بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا و پێشەوا هەورامانی و هەڤاڵانیتر موجامەلە ئاڵوگۆڕ بکەن؟".!

 


AM:12:21:13/02/2020