مەسرور بارزانی و سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبوونەوە

سەرۆكی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە و گفتوگۆیان لە بارەی رەوش و دوا پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندی نێوان ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان كرد. 

نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌" مه‌سرور بارزانی پوختەیەكی لە بارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و هەوڵەكانی بۆ قوڵكردنەوەی كولتووری یەكترقبووڵكردن و ئاشتەوایی و تەبایی گەلان، پێشكەشكرد".

ئاماژەی بەوەشداوە" كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام لە ناوچەیەكی ئاڵۆز، بۆتە پەناگەی پاراستن و پەنادانی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆیی و دەورووبەر، لەنێویشیاندا كریستیانەكان، كە لە بەر رەوشی ئاڵۆز و هەڕەشەی تیرۆریستان، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و هەموو مافە ئایینی و نەتەوەیی و خزمەتگوزاریی ژیارییان لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەركراوە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئاماژەی بە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كرد، كە بە فراوانی كار بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و گەشەپێدان بە سێكتەرە جیاوازەكان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكەدا دەكات. 

سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و پەرۆشی خۆی بۆ توندوتۆڵكردنی پەیوەندی ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان خستەڕوو. 

سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، رۆڵی گەلی كوردستانیشی لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بەرز نرخاند و سڵاو و رێزی تایبەتیشی بۆ سەرۆك مەسعود بارزانی هەبوو. 

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: ستایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد لە بەرامبەر ئەو رۆڵە مرۆییەی لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بایەخدان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە و هاوبەشییپێكردنی هەمووان،  سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕ و ئایینییەوە، پەیڕەوەی دەكات و نموونەیەكی جوانی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی پیشاندەدات.

PM:06:31:18/02/2020