نوێترین رێنمایی بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا

پسپۆڕێكی هەناو داوا لە هاووڵاتییان دەكات كە ترسیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبێت و تەنها خۆیان بپارێزن.

 

د. زانا دزەیی پسپۆڕی هەناو بابەتێكی دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە و تێیدا داوا لە هاووڵاتییان دەكات كە نەترسن و تەنها پێویستیان بەوەیە خۆیان بپارێزن.

 

دەقی نووسینكەی د. زانا دزەیی:

مەترسن، بەڵام خۆپاراستن پێویستە!

ھاونیشتمانی ئازیز... ھاووڵاتی خۆشەویست

تکایە بەھۆی نزیک بوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ لە چەند وڵاتێکی دراوسێی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا بۆ خۆپاراستن ڕەچاوی ڕێکارەکانی خۆپاراستن بکە! ئەم ڤایرۆسە لە کاتێکدا تا ئێستا ھیچ چارەسەرێکی تەواوی بۆ نەدۆزراوەتەوە، پارێزیی کردن لێی، تەنھا ڕێگایە.

١-پێویست بە شڵەژان و ترسی دەروونی ناکات، چونکە ترسی زیاد، بەرگریی لەش دادەبەزێنێت! خۆشبەختانە تا ئێستا کەمتر لە ٣٪ی تووشبوان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی تووشبوان چاک بوونەتەوە.

٢-ئاگات لە تەندروستیی خۆت و ماڵ و منداڵت بێت لە ڕێگای پاک و خاوێن ڕاگرتنی مەتبەخ و توالێت و خاولیی و ڤاپ و قاچاخ و دەست شوشتن بە جۆرێک ھەموو دوو سەعات جارێک بەلایەنی کەم بیست چرکە، بە سابوون یان ھەر شلەیەکی تر، باشترە ئاوەکە شلەتێن بێت و ڕێبکات! شلە دژە میکرۆبە کھولییەکان دەشێ وەک بەدیلێکی ئاو و سابوون بەکاربھێندرێت.
با جەوی ماڵەوەت گەرم بێت چونکە ئەم ڤایرۆسە بەرگری گەرمای کەمە و لەناودەچێت.

٣-تا پێت دەکرێت ئەگەر زۆر پێویستی نەکرد مەچۆ قەڕەباڵغیی، کەمکردنەوەی تۆقە، ماچ و لەباوەش گرتن! ئەو ماوەیە ھەوڵ بدە زیاتر کاتەکانت لە ماڵەوە بیت.

٤-ئەگەر تووشی نیشانەکانی ھەڵامەت بوویت، تکایە لە ماڵەوە بە و تێکەڵی خەڵکی مەبە، ماسک و دەستکێش و کلێنس بەکاربھێنە تا بە تەواوی چاک دەبیتەوە.

٥-ئەو ماوەیە ھەوڵ بدە، خواردنی دەرەوە و سەر عارەبانە و قووتووکراو مەخۆ! لە ماڵەوەش زیاتر گرینگیی بە خواردنی میوە و سەوزەوات بدە و چەقۆی گۆشت و بابەتەکانی تری خواردن لەیەک جیا بکەوە.

٦-ھەرکاتێک ئەم نیشانانە: تای زۆر، سەرئێشە، قورگ سووتانەوە، کۆکەی بێزارکەر، تەنگەنەفەسیی و سکچوونت بوو، سەردانی نزیکتریین چارەخانە بکە.

بەھیوای سەلامەتیی بۆ ھەموو لایەک و خوا کوردستانمان بپارێزێت.

د.زانا دزەیی
پسپۆڕی ھەناو



PM:08:12:21/02/2020