به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان زانیاری نوێ له باره‌ی رووداوی ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر كچه حه‌وت ساڵانه‌كه ده‌خاته‌ڕوو و رایده‌گه‌یه‌نێت" تۆمه‌تبارانی رووداوه‌كه به ده‌ستبه‌سه‌ركراوی ئازاد كراون".
ده‌قى ڕونكردنهوهكه:
روونكردنه‌وه‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌واڵ و زانیاری نادروست سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر كچێكی ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵان بڵاو بۆته‌وه گوایه تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیه‌یه ئازادكراون.
ئێمه له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌كاتێكدا سه‌رله‌به‌ری ئه‌و ده‌نگۆیانه ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه رایده‌گه‌یه‌نین كه ئه‌و دۆسیه‌یه له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دا تاكو بۆ دادگای تاوانه‌كان ره‌وانه كراوه به وردی كاری له‌سه‌ر كراوه‌و دوای ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباران كه دوو ئافره‌ت و پیاوێك بوون به راگیراوی له دادگای لێكۆڵینه‌وه ره‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كان كران له قۆناغی دادگایی كردن له دادگای تاوانه‌كان به پێی یاسا‌و ده‌سه‌ڵاته رێپێدراوه‌كان تۆمه‌تباره‌كان به ده‌سته‌به‌ری ئازاد كراون تاكو ئه‌نجامی دادگاییكردنیان یه‌كلا ده‌بێته‌وه.
ئێستاش پرۆسه‌ی دادبینی له‌م دۆسیه‌یه له دادگای تاوانه‌كانی هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌و هه‌ر بڕیارێكیش ده‌ركرابێت قابیلی تانه‌لێدانه به رێگه یاساییه‌كانه‌وه. ئێمه له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری راده‌گه‌یه‌نین كه پرۆسه‌ی دادبینی ئه‌و دۆسیه‌یه به رێڕه‌وی یاسایی خۆیدا تێپه‌ڕ بووههو دادگا به هیچ شێوه‌یه‌ك به تێڕوانینی حزبایه‌تی یان لایه‌نگری بۆ لایه‌نێكی دیاریكراو كار ناكات.
هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێك تێبینی یان رخنه‌ی له بڕیاره‌كانی دادگا هه‌یه ده‌توانێ به رێگه‌ی یاسایی خۆی تانه له بڕیاره‌كه بدات . هه‌روه‌ها سكاڵاكار له‌گه‌ل بریكاره‌كه‌ی ده‌توانێ سه‌ردانی دادگای تاوانه‌كان بكات بۆ دڵنیابوون له چۆنیه‌تی به‌ڕیوه‌چوونی پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان
21/2/2020