بەهۆی مەترسی بۆ سەر تەندروستی خوێندكاران دەست بەسەر بڕێك چپسدا گیرا

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لە فرۆشگای خوێندنگاكاندا دەستبەسەر بڕێكی زۆر چپسدا گیرا".

لەشكرد حەمید پسپۆڕی خۆراك و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" پێشتر بە بڕیاری بەرێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی فرۆشتنی چپس و هەر خواردەمەنییەكی تر كە پێویستی بە سووركردنەوە هەبێت لەناو خوێندنگاكاندا قەدەغەكراوە، لیژنە هاوبەشەكانیش كاری پێویستیان لەو ڕووەوە كردووە و سەرجەم خوێندنگاكانی ئاگاداركردووەتەوە، لە ئێستاشدا لیژنەكانمان لە هەر فرۆشگایەكی خوێندنگاكاندا چپس ببینن دەستی بەسەردا دەگرن، ئەمڕۆش لە چەند خوێندنگایەكدا بڕێكی زۆر چپسی جۆراوجۆریان گرتووە و لەناوی دەبەن".

 

وتیشی" ئەو چپسانە مادەی پارێزەر و تام و ڕەنگیان تێدایە كەمادەی كیمیاوین و زیانێكی زۆر بە جگەر دەگەیەنن، تێكردنیشیان بەبێ چاودێرییەكی وورد یەكێكە لە هۆكارەكانی تووشبوون بەشێرپەنجە، هەروەها بەكارهێنانی جۆرەها زەیتی ناتەندروست لە دروستكردنیدا، ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕێكی زۆر خوێ و بەهاراتی تیژی تێدایە و هۆكارێكیشە بۆ تێكچوونی ژەمە خۆراكەكان لەلای منداڵ".

 

ئاشكراشیكرد: خواردنی چپس دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی وریایی و بەئاگابوون و زیادبوونی جوڵە، لەگەڵ ئەوەشدا سووربوونەوەی قاژە پەتاتەكە دەبێتە هۆی دروستبوونی مادەی ئەكریلامید، كەئەم مادەیە لەدرووستكردنی پلاستیكدا بەكاردەهێنرێت.



PM:01:10:22/02/2020