شاندێکی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

بڕیاره‌ سبه‌ینێ دووشەممە وه‌فدێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

 

بەپێی زانیاریەکان، بڕیارە سبەینێ دووشەممە ٢٤ی شووباتی ٢٠٢٠ وەفدێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بەسەرۆکایەتی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ وەزیری بەرگری حکومەتی فیدڕاڵ و بەرپرسانی باڵای ئەو وەزارەتە کۆ دەبنەوە.

 

بەگوێرەی زانیاریەکان، شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری عێراق گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەر دەكەن، لەوانەش، شایستە داراییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆشایی ئەمنی ناوچه‌كانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانییەكان. تەوری سێیەمیش بریتی دەبێت لە چالاككردنەوەی لێژنە باڵاكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وه‌زاره‌تی بەرگری عێراق.

 

ساڵی رابردوو لە بوودجەی عێراق مانگانە بڕی ٦٨ ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخانکرا، بەڵام تاکو ئێستا ئەو پارەیە خەرجنەکراوە.



PM:09:38:23/02/2020