منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە سۆران دۆزرایەوە



ئێوارەی دوێنێ هەینی ٢٨ی شووباتی ٢٠٢٠ لە خانوویێكی تەواونەكراوی گەڕەكێكی سۆران منداڵێكی تازە لەدایكبوو دۆزرایەوە، منداڵەكە بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە و باری تەندروستیی جێگیرە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا رێزان باڵەك، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایكبوونی سۆران رايگەیاند" منداڵەكە لەنێو خانوویێكی كەلاوەدا لەلایەن چەند منداڵێك كە بۆ یاریكردن چوونەتە ئەوێ دۆزراوەتەوە، منداڵەكان گوێبیستی گریانی كۆرپەلەكە بوونە و ماڵێكی دراوسێیان لێ ئاگاداركردووەتەوە".


بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایكبوونی سۆران دەشڵێت" خێزانەكە پۆلیسیان ئاگاداركردووەتەوە و بردوویانەتە نەخۆشخانەی لەدایكبوون. منداڵەكە لەنێو نایلۆنێكی رەش پێچرابوو و پێدەچێ مامان لەگەڵ ژنەكە بووبێت كە منداڵەكەی بووە، چونكە ناوكی بڕدرابوو و پێچرابووەوە".

لەبارەی تەندروستی منداڵەكە، رێزان باڵەك وتی" تەندروستی باشە، بەڵام تاوەكو دۆزینەوەی كە رەنگە سێ كاژێری پێچووبێت سەرمای بووە".

كۆرپەكە كوڕە و كاژێر ٤:٠٠ ئێوارەی دوێنێ دۆزراوەتە، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایكبوونی سۆران دەڵێت" ئەو خێزانەی كە ھێناویانە بۆ نەخۆشخانە ژن و مێردێكن كە منداڵیان نابێت و زۆر داوایان كرد بدرێت بەوان، بەڵام بێ دادگا نەخۆشخانە ناتوانێ ئەو كارە بكات".


PM:12:09:29/02/2020