رێنمایی و زانیاری نوێ لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا


بەشێک لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان پەیوەندی ئەکەن و گلەیی ئەوە ئەکەن کە هیچ ڕێنماییەکیان ناکرێ دەربارەی چۆنیەتی ئامادەکاری و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا. 

لە خوارەوە هەندێ رێنمایی سەرەتایی پێشکەش ئەکەین بۆ نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان بە تایبەتی ئەوانەی دوورەدەستن. هیوادارم ئەمە سوودی هەبێ 

پەیوەندی و پێشکەشکردنی زانیاری 

١. دابینکردنی ژمارەیەکی تەلەفونی تایبەت کە هاوڵاتیان بتوانن پەیوەندیتان پێوە بکەن بۆ پرسیار دەربارەی کۆرۆنا. 

٢. کردنەوەی پەیجێکی تایبەت لە فەیسبووک بۆ نەۆخۆشخانەکە و بڵاوکردنەوەی زانیاری دروست. 

٣. دروستکردنی تیمی هۆشیارکردنەوە و سەردانیکردنی ماڵان بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە شێوازەکانی خۆپاراستن. 

سەردانی نەخۆش 

١. داوا لە هاوڵاتیان بکەن کە هەر کەسێ کە کۆکە و پژمە و تەنگەنەفەسی و تای هەیە سەردانی نەخۆشخانە بکا. 

٢. ئەو جۆرە نەخۆشانە ئاگاداربکرێنەوە کە پێش ئەوەی بێن بۆ نەخۆشخانە پەیوەندی بکەن و لە کاتی هاتنیان ئاگادارتان بکەنەوە. 

شوێنی بینینی نەخۆش 

١. شوێنێکی تایبەت کە داخراو و جیا بێ لە بەشەکانی تر تەرخان بکەن بۆ بینینی ئەو جۆرە نەخۆشانە. 

٢. پێویستە شوێنی بینینی نەخۆشەکە بە زانستیانە پاکبکرێتەوە دوای بینینی نەخۆشەکە. 

٣. باشتر وایە هەر نەخۆشێک کە گومانی کۆرۆنای لێدەکرێ لە ژوورێکی تایبەت دابنرێ جیا لە نەخۆشی تر. ئەگەر ژووری تایبەت بەردەست نەبوو پێویستە قاوشێک بە تایبەتی تەنها بۆ ئەو نەخۆشانە تەرخانبکرێ کە ئەگەری نەخۆشیەکەیان هەیە. 

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشێک کە گومانی نەخۆشیەکەی لێبکرێ 

١. دەمامک و دەستکێش بدە ئەو نەخۆشانەی کە گومانی کۆرۆنایان لێدەکرێ. 

٢. نەخۆشەکە بگوازەوە بۆ شوێنی دیاریکراو بە بێ ئەوەی دەست لە هیچ شتێ بدا یا پەیوەندی لەگەڵ هیچ نەخۆشیکی تر بکا. 

٣. بەلای کەمەوە مەودای ١ مەتر لەگەڵ نەخۆشی تر ڕاگرە. 

٤. ئامۆژگاری هەموو نەخۆشەکان بکە کە لە کاتی کۆکە و پژمە دەستیان یا قۆڵیان بخەنە سەر دەمیان یا باشتر وایە کلینیکس بەکاربهێنن. 

٥. نابێ هیچ نەخۆشێک کە گومانی کۆرۆنای لێدەکرێ بە بێ ماسک لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە. جوڵەی نەخۆشەکە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر لەناو نەخۆشخانەکە کەمبکەوە. 

٦. پۆستەرێک یا وەرەقەیەک لەسەر دەرگای ئەو ژوورە دابنێ کە نەخۆشەکەی تیایە و ئاگاداری هەموو کەسێ بکەرەوە کە بەبێ دەمامک و دەستکێش نەچێتە ژوورەوە. 

بۆ کارمەندان و پزیشکان 

١. پێویستە کارمەندەکان بە جوانی و بە شێوەیەکی زانستیانە دەستیان بشۆن ئەگەر هاتو دەستیان لەو نەخۆشە دا کە گومانی کۆرۆنای لێدەکرێ. 

٢. ماسک و دەستکێش بەکاربهێنن بە تایبەتی ئەگەر مەودای ١ مەتر لە نەخۆشەکەوە نزیک بی. 

٣. پێش و پاش دەستدان لەهەر نەخۆشێک پێویستە دەستیان بشۆن. 

٤. جێڵی تەعقیم لەسەر دەرگای قاوشەکان و ژوورەکان و لەسەر قەڕوێلەی هەموو نەخۆشێک دابنرێ و لە لایەن کارمەندان و سەردانیکەرانەوە بەکاربهێنرێ. 

٥. دەبێ کارمەند یا پزیشک پێش ئەوەی بچنە ژوورەوە بۆ لای نەخۆشێک کە گومانی کۆرۆنای لێدەکرێ ماسک و دەستکێش بەکاربهێنن و ماسک و دەستکێشەکانی لە تەنەکەی خۆڵی تایبەت فرێبدەن پێش ئەوەی بێنە دەرەوە لە ژوورەکە. 

٦. پێویستە کارمەندان و پزیشکان ئاگاداری ئەوە بن کە دەست لە دەم و چاو و لووتیان نەدەن. 

٧. پێویستە هەموو کارمەندان و پزیشکان تا سەرووی ئەنیشک قۆڵیان هەڵکەن. 

ئامرازە پزیشکییەکان: 

١. پێویستە کارمەندان و پزیشکان بۆ هەر نەخۆشێک کە گومانی کۆرۆنای لێدەکرێ ئامرازەکانی پشکنینی تایبەت بە نەخۆشەکە بەکاربهێنن. بۆ نموونە پێویستە گەرمی پێو و سەماعە ...هتد تایبەت بە نەخۆشەکە دابینبکرێ بە بێ ئەوەی بۆ نەخۆشی تر بەکاربهێنرێ. ئەگەر ئەوە نەکرا پێویستە دوای هەر بەکارهێنانێک بە جوانی و بە مەوادی پاککردنەوەی تایبەت سەماعەکە ویا گەرمی پێوەرەکە پاکبکرێتەوە. 

٢. دەمامکی N95 بۆ کارمەند و پزیشکان دابینکە. 
 


PM:07:35:29/02/2020