پارێزگاری سلێمانی: قۆناغی خۆپارێزیمان تێپەڕاند، ئێستا لە قۆناغی چارەسەریداین

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند" کە هەر لە مانگی یەکەوە هەڵمەت و پلانەکانمان گەڵاڵەکردووە، بەڵام لە سەرەتای مانگی دوودا هەڵمەتی خۆپارێزی و پشکنینمان دەستپێکرد".

سەبارەت بە قۆناغەکانی هەڵمەتی بەرگری و خۆپارێزی پارێزگاری سلێمانی دەڵێت" قۆناغی یەکەمی خۆپارێزیمان بەباشی تێپەڕاندووە، ئێستا لە قۆناغی دووەمداین قۆناغی چارەسەرییە".

لەو بارەیەوە پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت" ئێمە لە مانگی دووە توانیومانە ئامێری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەستبخەیەن بەهۆی هەوڵ و هیمەتی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەباح هەورامی و خوێندکارانی کورد لە بەریتانیا".

وتیشی" لەئێستادا لەناو شاری سلێمانی زیاتر لە چوار ئامێری پشکنین هەیە، لە گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجەش هەیەو وا چەمچەماڵیش ئامادەدەکرێت".

ڕاشیگەیاند" هەر لە سلێمانی هەزارەها پشکنین بۆ خەڵک کراوە".

پارێزگار ئاماژەی بەوەشکرد" راستە لە سلێمانی ژمارەی توشبووان زۆرترە بەڵام لە ژێر چاودێریدان و ژمارەیەکی زۆریان لێ چاکبونەتەوەو باری هەموویان جێگیرە".

هاوکات" تا ئێستاکە سلێمانی و کوردستان پاکە لە ڤایرۆسەکە تەنها بەهۆی ئەو خەڵکەوە ڤایرۆسەکە گوازراوەتەوە کە لە دەرەوەی هەرێمەکەوە هاتوون بە تایبەتی لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی ئەوروپاوە".

سەبارەت بە گرفتی سنوورەکان پارێزگاری سلێمانی وتی" سلێمانی بە تەنها زیاتر لە 500 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەیە".

هاوکات دەشڵێت" تا ئێستاکە نزیکەی 300 قاچاخچی دەستگیرکراون".

هەرچەندە پارێزگاری سلێمانی گەشبینە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە بەڵام هۆشداری ئەوەش دەدات و دەڵێت" مەترسی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە کە بە بەرفراوانی بڵاوبۆوە توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە".

پارێزگار خەڵک دڵنیا دەکاتەوەو دەڵێت" بە ئەندازیەک خواردن و پێداویستی و سوتەمەنی دابینکراوە و لەبەردەستدایە خەڵک نابێت لەو ڕووەوە بترسێت".

دەشڵێت" حکومەتی هەرێمیش پلانێکی هەیە خۆراک بۆ ماوەی سێ بۆ شەش مانگ بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دابیندەکات".

سەبارەت بە کۆمپانیاکەی شاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت" کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی دەرمان لە شاری سلێمانی بە کواڵتییەکی باش و ستانداردی جیهانی ئامادەیە چارەسەری کۆرۆنا بە خۆرایی بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دابینبکات".

دەشڵێت" ماوەی دوو رۆژە وەک وڵاتانی جیهان بەرێوبەڕایەتییەکانی تەندروستی شاری سلێمانی دەستیانکردووە بە ئەزمونێکی گرنگ بە بەکارهێنانی پلازمای خوێنی کەسە توشبووەکان بۆ چارەسەری خەڵکانی دیکە".


AM:10:30:26/03/2020