کوڕی شاعیرێکی گەورەی کورد بە هۆی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد

کوڕی شاعیری گەورەی کورد و باکوری کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان، جگەر خوێن بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.

 

ئەو کوڕەی جگەر خوێن ناوی کەیۆ جگەرخوێنەو لە ولآتی سوید دەژیاو تەمەنی ٨٤ ساڵە و ئەمڕۆش لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو ولآتە بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.

 

جگەر خوێن، ناوی شێخ مووس کوڕی حەسەن کوڕی موحەمەد، ناسراو بە جگەرخوێن، شاعیرێکی کورد زمانە.

جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٠٣ لە باکووری کوردستان لە گوندی حەسار نزیک بە شاری ماردین لەدایکبووە. بەمنداڵی شوانی و گاوانی کردوو، لەبەر ئەوەی نەداربوە و باوکی کۆچی دواییکردوە، خوشکەکەی گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی کردووە و دواتر لەبەر ھێندە دەردە نەداری و ھەژاری بەناچاری گوندی حەسار جێدەھێڵن و لەساڵی ١٩١٤ بۆ گوندی عاموودە دەیگوێزنەوە.

جگەرخوێن ھەر لە منداڵییەوە زیرەکی و ھۆشیاری و توندوتۆڵی پێوە دیاربووە و حەزی لە خوێندن کردووە، بۆیە بەھەر جۆرێک بێت، ناردوویانە بەر خوێندن لە حوجرەی مزگەوت و سەرجەم خوێندنەکانی زۆر زیرەکانە بەرێکردووە وەک خوێندنی زمانی عەرەبی و زانستەکانی ئایینی ئیسلام، بۆیە بە ئومێدی تەواوکردنی مۆڵەتی دوازدە زانستی باکوور و ھەر چوار پارچەی کوردستان گەڕاوە و دواتر لەسەر دەستی مەلا عوبێد وەرگرتووە.

لە ڕۆژئاوای کوردستان و ماوەیەکیش لە باشووری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان مەلایەتی کردووە.

جگەرخوێن لەساڵی ١٩٤٦ ز ڕوو دەکاتە شاری قامیشلی و دەست بەکاری ڕامیاری دەکات و دەبێتە ئەندامی پارتی جڤاتا ئازادی و یەکیەتییا کورد (Civata Azadî û Yekîtiya Kurd). لەساڵی ١٩٤٨ ز دا دەبێتە ئەندامی پارتی کۆمنیستی سوری و لەساڵی ١٩٥٤ ز دا بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی سوریا دەپاڵێورێت. لەساڵی ١٩٥٧ ز واز لەپارتی کۆمۆنیست دەھێنێت و ڕێکخراوی ئازادی دادەمەزرێنێت. ئەو ڕێکخراوەش پاشتر دەچێتە ناو پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریاوە. لەساڵی ١٩٥٩ ز دا جگەرخوێن ڕوودەکاتە باشووری کوردستان و تا ساڵی ١٩٦٣ ز لە زانکۆی بەغدا دەبێتە مامۆستای وانەبێژ لە بەشی زمانی کوردی. دواتر دەگەڕێتەوە بۆ قامیشلی سەرقاڵی نووسین و کاری ڕامیاری دەبێت. ھەر لەو ساڵەدا و لە شاری دیمەشق دەخرێتە گرتووخانەوە.

بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی مەلا مستەفا با‌رزانی جگەرخوێن لەساڵی ١٩٦٩ ڕوو دەکاتە  باشووری کوردستان و چالاکی کوردایەتی خۆی پێشکەشی شۆڕشی کورد دەکات.

لەساڵی ١٩٧٣دا بەرەوو لوبنان دەچێت و لەوێش ھۆنراوەی کیمە ئەز (Kîme Ez) دەنووسێت.

جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٧٦دا بۆ سوریا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ ناچار دەبێت ڕووبکاتە وڵاتی سوێد و لەوێ وەک پەناھەندەیەک دەگیرسێتەوە و بەنووسینەوە سەرقاڵ دەبێت و لە ١٩٨٤.١٠.٢٢ کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی بۆ قامیشلی دەگوێزرێتەوە و لەوێ بەخاکی کوردستان دەسپێدرێت، ئەوەش ھەروەک خۆی پێش مردنی داوایکردبوو.

 


AM:10:30:27/03/2020