حکومەتی هەرێم: داواکاری گشتی بەدوای ٢٥٠ ملیۆنی رۆزنەفت‌و ١ملیار دۆلارەکەی لوبناندا دەچێت

وتەبێی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت  سەرۆکی حکومەتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە داواکاری گشتی بەدوای دەنگۆی ٢٥٠ ملیۆنی رۆزنەفت‌و ١ملیار دۆلارەکەی لوبناندا بکات".

 
لەو راگەیاندنەدا کە د. جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت بڵاویکردۆتەوە، تیایدا هاتووە"سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار وەک شیرینی نەوت لە کۆمپانیای رۆسنەفت و هەروەها دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی ملیارێک دۆلاری هەرێم لە وڵاتی لوبنان. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی دووپات دەکاتەوە کە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی پێویستە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم دەنگۆیانە بکات و داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات لەمبارەیەوە هاوکاریی داواکاریی گشتی بکەن بۆ ئەوەی راستییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت".


هەروەها وتەبێژی حکومەت دەڵێت " هەر لە سەرەتای دەستبەرکاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیھێنانی شەفافییەت لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، بەتایبەتی لە كەرتی دارایی و داھاتەكانی ھەرێمدا ئەرکێکی لە پێشینەی کابینەی نۆیەم بووە و لە سەریشی بەردەوام دەبین."
حکومەتی هەریم دیاری نەکردووە کە داواکاری گشتی هەرێم چۆن بەدوای ئەو کەیسانە بکەوێت، لە کاتێکدا داواکاری گشتی هەرێم لە سنوری هەرێم کاردەکات.


ماوەی هەفتەیەکە پرسی چارەنووسی یەک ملیار دۆلاری نەوتی هەرێم لە بانکێکی لوبنانی و، بڕۆی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری هەریم لە ساڵی ٢٠١٧دا کە دراوە بە رۆز نەفت بۆتە کێشەی رای گشتی خەڵکی کوردستان.




ئه‌م بابه‌ته ‌718 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:33:29/03/2020