پارتی بڕیاری دا لەگەڵ یەکێتی هاوبەشی حوکمی کۆبێتەوە

مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی کۆبوەوەو بڕیار دراوە لەگەڵ شەریکە حوکمەکەی یەکێتی کۆببێتەوە.

 
بەپێی زانیاریە سەرەتاییەکان کە میدیاکانی پارتی بڵاویان کردۆتەوە، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردراوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتی کۆببنەوە.
 
پارتی هەروەها پشتگیریی خۆیان بۆ مستەفا کازمی راسپێردراو بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕیوە و لەگەڵ ئەوەی دەیانەوێت لە ئەرکەکەی سەرکەوتوو بێت، بەڵام داوادەکەن تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.


مەحموود محەمەد، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، لە کۆبووەکە تاوتوێی دواین پێشهاتەکانی بارودۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و هەڵسەنگاندنی دواین پێشهاتەکان و پشتیوانیکردن لە هەولەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو رێکارانەی حکوومەت گرتبووینەبەر کرا.

 

مەحموود محەمەد، لەبارەی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە" قسەکردن لەسەر پێکهێانی کابینەی نوێ حکوومەتی عێراقی بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی و دووپاتکردنەوە لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و مافە یاسایی و داراییەکانی خەڵكی کورستان، کە پێویستە لە کابینەی داهاتوو لەبەرچاوبگیرێت تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە".

 

ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکی زۆرە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنەبۆتەوە.



PM:01:52:19/04/2020