لە هێرشێکی گەورەی داعش
حەشدی شەعبی دان بە کووشتنی ١٠ چەکداریدا دەنێت




داعش لە باشووری شاری تکریت لە چەند قوڵێکەوە هێرشێکی بەرفراوان دەکاتە سەر سەربازگە و بنکەکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکانی تر و لەئەنجامدا دە چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.

 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢ی ئایار چەکدارانی داعش لە چەند لایەکەوە هێرشێکی بەرفراوانیان کردۆتە سەر باشووری شاری تکریت لە ناوچەکانی مکێشیفە و تەل زەهەب و متیبیجە و ناحیەی یەسرب و قەزای دۆرە، لە ئەنجامی بەرپابوونی شەڕێکی قورس ١٠ چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و بەدەیانی تر برینداربوون.

 
حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێک کە ئەم بەیانییە ٢ی ئایار بڵاویکردەوە، لەگەڵ دانپیانانی بە کوژرانی دە چەکداری خۆیان، باس لەوەش دەکەن کە بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوەو ژمارەیەکی بەرچاو لەچەکدارانی داعش کوژراون.

 
حەشدی شەعبی ئاشکرای دەکەن لە فەوجی دیجلەی حەشدی شەعبی ٩ چەکداریان کوژراون و، لە لیوای ٤١یش چەکدارێکیان کوژراوە.  

 


AM:08:30:02/05/2020