حەوت فراکسیۆن دژی ھەڵگرتنی پارێزبەندین لەسەر پەرلەمانتاران

لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە، حەوت فراکسیۆن دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتارانن.

 

فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و یەکێتی نەتەوەیی و لیستی رافیدەین لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە، رایانگەیاندووە" نزیکەی دوو مانگە پەرلەمانی کوردستان بەهۆی دۆخی خراپی تەندروستییەوە  کۆنەبۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا هەرێم لەبەردەم کارەساتی تەندروستی و ئابوری دارایی دایە و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و موچەخۆران لە دۆخیکی زۆر خراپدایە و بە ئومێدەوە لە پەرلەمان دەڕوانن کە هاوشانی حکومەتی هەرێم کێشەکان چارەسەر بکات".

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە" بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی ٢٤ی لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتار ئازادی ئاخاوتن و رادەربڕینی تەواوی هەیە و بەپێی بڕگەی پێنجەمی هەمان ماددە هەڵگرتنی پارێزبەندی بۆ کردەی تاوانکاریە نەک هەموو جۆرە سکاڵایەک".

 

ئەو فراكسیۆنانە داوا دەكەن، پەرلەمان تەركیز بخاتە سەر چارەسەری قەیرانە دارایی و كارگێڕییەكانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا  و باشكردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و پەیڕەوكردنی تەواوی هەنگاوەكانی چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان.



PM:06:20:06/05/2020