بڕیاردەری لیژنەی دارایی: هەوڵ هەیە مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی کوردستان بنێردرێ"



بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق. د. ئەحمەد سەفار ئاشکرایدەکات گفتوگۆکانی وەفدی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا ئیجابی بووە و لێکگەیشتن دروست بووە.


د. ئەحمەد سەفار، بەماڵپەڕێکی نزیک پارتی راگەیاندووە " دوای چەند کۆبونەوەیەک لێکتێگەیشتنێک لە نێوانی وەفدی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست بووە، هەوڵی ئەوە دەدرێت هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەیەک پاکێج چارەسەر بکرێ، گفتوگۆکان ئیجابی و باش بوونە بۆیەش بەردەوامی پێدراوە".

 
ئەو ئەندام پەرلەمانە ئاماژەی بەوەشدا لیژنە دارایی و یاسایی و سیاسییەکانی هەردولا لەسەر چەند ڕاسپاردەیەک ڕێکدەکەون و دەدرێتە مستەفا کازمی سەرۆکی تازەی حکوومەت، گوتیشی:"لەسەر ئەو ڕاسپاردانە و چارەسەریانە مستەفا کازمی بۆچوون و ڕەزامەندی لەسەر دەدا".

 
سەفار کە سەر بەفراکسیۆنی پارتی یە، جەختی کردەوە مەسەلەی مووچە و بودجەو نەوت و وزەو گومرگەکان و یارمەتیدانی دانەوەی قەرزەکانی هەرێم و چەند پرسێکی تر لە نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەکرێن.

 
ئەو لە کۆتاییدا دەڵێت " هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی بەم نزیکانە مووچەی مانگی 4ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە پێشووتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕای گرتبوو بنێردرێ، مستەفا کازمی بەڵێنیداوە شەو و ڕۆژ کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێوانیاندا کێشەکانی هەولێر و بەغدا".




PM:03:59:09/05/2020