بەهۆی بۆردوومانی کەشتییەکی ئێرانی بە هەڵە دەیان کوژراوی لێکەوتەوە

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، لە بەندەری فارس، هێزە دەریاییەکانی ئێران بە هەڵە کەشتییەکی سەربازیی خۆیان تۆپبارانکردووە و کوشتنی نزیک بە ٤٠ سەربازی لێکەوتووەتەوە.

رۆژنامەنووسانی ئێرانی و ماڵپەڕەکانی سەر بە ئۆپۆسزیۆنی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە" کەشتییەکی جەنگی ئێران بەناوی جەماران بە هەڵە تۆپبارانی کەشتییەکی دیکەی سەربازیی خۆیانی بەناوی کەنارەک کردووە و کوژرانی نزیک بە ٤٠ کەس و برینداربوونی دەیانی دیکەی لێکەوتووەتەوە".

واحید حاجی پور، رۆژنامەنوسی ئێرانی رایگەیاندووە" لە رووداوەکەدا، بەلانی کەمەوە ١٨ کوژراویان بۆ پشتڕاستکراوەتەوە".

هاوکات، دەوترێت رووداوەکە لەکاتی راهێنانی هێزە دەریاییەکانی ئێراندا روویداوە و ئەوەش بۆ ئامادەکاری بووە بۆ جێگریکردنی موشەکێک بەناوی نور لە ناوچەکەدا.

تا ئێستا ئێران بە فەڕمی لێدوانی لەسەر رووداوەکە نەداوە و پشتراستینەکردووەتەوە.

مانگی ١ی ئەمساڵ، فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ر به ‌هێڵی ئاسمانی ئۆكرانیا، ‌دوای فڕینی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیمام خومه‌ینی لە تاران، به‌ ١٧٦ سه‌رنشینه‌وه‌ كه‌وته‌خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیانلەدەستدا و سوپای پاسدارانیش جگە لە گرتنەئەستۆی رووداوەکە، راشیگەیاند، بە هەڵە موشەکیان ئاڕاستەکردووە.
 


AM:09:23:11/05/2020